دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: هێرشەکانی تاران ئیرادەمان نالەرزێنێت

هەرێم نیوز

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکی سێ خاڵیدا هەڵوێستی خۆی لەسەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی تاران بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، و جەختی کردەوە کە ئەم پەلامارانە ئیرادەی خەباتیان نالەرزێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی 4ـی 2026، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، کە ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە شەڕی کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ جیهان نییە، بەڵکوو ئاکامی سیاسەتی چەندین ساڵەی ڕژێمی تارانە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و پاڵپشتیکردنی چەکداران، کە دواجار ئێرانی بەرەو داڕمانی ئابووری و لێواری ڕووخان بردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە سەرەتای ئەم قۆناغەی شەڕەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە ٧٠٠ جار سەروەریی خاکی عێراق پێشێل کراوە و هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج. تەنیا لە ١٥٠ هێرشی ڕاستەوخۆدا بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٢١ کەس شەهید بوون، کە ١٠ کەسیان ئەندامی ئەم هاوپەیمانییە بوون.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، جەختی لەوە کردەوە، کە بە ئامانجگرتنی کەمپەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی سڤیل "تاوانی جەنگە"، و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە هەڵوێستی جدی و کردەیی بەرانبەر ئەم هێرشانە هەبێت.

 هاوکات داوا لە هاونیشتمانیانی دەرەوەی وڵات دەکات بە یەکگرتوویی لە بەردەم ناوەندەکانی بڕیاردا دەنگی خۆڕاگری بن، و ڕایگەیاند، کە ئەم هێرشانە باوەڕیان بە ڕەوایی خەبات بۆ ڕووخانی ڕژێم و ڕزگاریی کوردستان قایمتر دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP