دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

عەباس عێراقچی بۆ عەلی زەیدی: ئێران پاڵپشتی سەقامگیری سیاسی عێراق دەکات

هەرێم نیوز

کۆماری ئیسلامی ئێران، دوای چەند ڕۆژێک لە دەستنیشانکردنی کاندیدی نوێی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی زەیدی کرد و پشتگیری وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری سیاسی لە بەغدا دووپاتکردەوە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی: "پێشوازی لە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەم بۆ کاندیدکردنی سەرۆک وەزیران و پیرۆزبایی لە عەلی فالح زەیدی برام دەکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی." عێراقچی هیوای سەرکەوتنی بۆ زەیدی خواست لە پێکهێنانی کابینەی نوێ و خزمەتکردنی گەلی عێراقدا.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، تاران ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرێت و ئامادەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بکات. ئەم پەیامە وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا دەبینرێت.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیامەکەی ئێران بەراورد بە وڵاتانی دیکە "درەنگوەخت" بووە و وا دەردەکەوێت تاران یەکێک بێت لە کۆتا ئەو وڵاتانەی پیرۆزبایی ئاراستەی عەلی زەیدی کردووە، سەرەڕای ئەوەی چەند ڕۆژێکە ناوبراو لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ڕاسپێردراوە.

ئێوارەی ٢٧ی نیسان، دوای کشانەوەی هەریەکە لە نوری مالیکی و محەمەد شیاع سودانی لە کێبڕکێی کاندیدبوون، هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی عەلی فالح زەیدی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP