هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە (٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦)، بارزانی بە بۆنەی پەنجاهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵان، پەیامێکی فەرمیی ئاڕاستەی ڕای گشتی و جەماوەری کوردستان کرد و تێیدا جەختی لەسەر نەبەزینی ئیرادەی گەلی کوردستان لە قۆناغە سەختەکاندا کردەوە.
بارزانی لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "شۆڕشی گوڵان قۆناغێکی یەکجار گرنگ و چارەنووسسازی خەباتی گەلی کوردستان بوو. ئەم شۆڕشە لە ڕاستیدا درێژکراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجە بەرزەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو."
بارزانی ئاماژەی بە ڕەهەندی مێژوویی شۆڕشەکە کرد و گوتی: "شۆڕشی گوڵان بۆ هەموو لایەکی سەلماند کە ئەگەر لە قۆناغێکدا خەباتی گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت تووشی وەستان هاتبێت، بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان هیچ کاتێک نەشکاوە، بەڵکوو بۆ گەییشتن بە ئامانجە پیرۆزەکان، بە ئومێد و هێزێکی تازەوە لە تێکۆشان و خەباتیدا بەردەوام بووە."
جەختیشی کردەوە کە شۆڕشەکە لەبەر ئەوە سەرکەوت، چونکە پشتی بە قارەمانێتیی پێشمەرگە، خۆڕاگریی جەماوەر، ڕێکخستنێکی تۆکمە و دروشمێکی ڕوون بەستبوو.
بارزانی لە پەنجاهەمین ساڵیادی ئەم ڕووداوە مێژووییەدا، پێزانینی قووڵی خۆی بۆ جەماوەری کوردستان، تێکۆشەران، پێشمەرگە و نیشتیمانپەروەران دەربڕی کە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات ڕۆڵێکی قارەمانانەیان گێڕا و مێژوویەکی پڕ لە شانازییان تۆمار کرد.
لە کۆتایی پەیامەکەشدا، بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاکی شەهیدان نارد و گوتی: "لەم یادەدا سڵاو بۆ گیانی یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان، شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و سەرجەم شەهیدانی تری شۆڕشەکە و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەنێرین." و جەختی کردەوە کە ئازادی و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ڕاستەوخۆی خوێنی پاکی ئەو شەهیدانە و ڕەنجی دڵسۆزانەی خەباتگێڕانە.