دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران؛ بەسێ فڕۆکە هێرش کراوە و دانەیەکمان خستە خوارەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦، فەرماندەیی گشتیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد، کە هێزە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان سێ فڕۆکە و درۆنی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا دەستنیشان کردووە و یەکێکیان لێ خستووەتە خوارەوە.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی سوپای پاسداراندا هاتووە: "هێزەکانمان توانیویانە درۆنێکی جەنگیی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) بە تەواوی بخەنە خوارەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، بەرگری ئاسمانیی سوپای پاسداران تەقەی لە درۆنێکی تری سیخوڕی لە جۆری (RQ-4) و فڕۆکەیەکی جەنگیی جیلی پێنجەم لە جۆری (F-35) کردووە، کە سنووری ئاسمانیی ئێرانیان بەزاندبوو."

سوپای پاسداران ڕوونی کردووەتەوە کە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری و تەقەکردنی چڕی هێزەکانیان، فڕۆکە و درۆنەکەی تری ئەمریکا ناچار بوون دەستبەجێ ئاسمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبهێڵن و پاشەکشە بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکەیدا، تاران هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆ و توندی ئاڕاستەی پنتاگۆن و کۆشکی سپی کردووە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە هۆشداریی توند دەدەینە ئەمریکا کە هیچ جۆرە پێشێلکارییەکی تری ڕێککەوتنی ئاگربەستی کاتیی نێوان هەردوولا نەکات؛ چونکە هێزە چەکدارەکانی ئێران مافی تەواوی خۆیانە کە بە هەمان شێواز و بە توندی وەڵامی هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە بدەنەوە."

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ، لایەنە دیپلۆماسییەکانی هەدوو وڵات ئاماژەیان بە بەردەوامیی دانوستانە تەکنیكییەکان دەکرد، بەڵام ئەم پێکدادانە ئاسمانییە ڕەنگە پڕۆسەی گفتوگۆکان بەرەو چەقبەستوویی زیاتر بەرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP