دواین هەواڵ

عێراق‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

واشنتن هەشت تۆمەتی فەرمی ئاراستەی دەستبەسەرکراوێکی عێراقی-ئێرانی دەکات

هەرێم نیوز

وەزارەتی دادی ئەمریکا بە فەرمی هەشت تۆمەتی جۆراوجۆری ئاراستەی محەمەد باقر سەعد داود سەعدی کرد، کە هاوڵاتییەکی خاوەن ڕەگەزنامەی عێراقی و ئێرانییە، ئەوەش بەهۆی چالاکییەکانی و پێوەندییەکانی بە کەتائیبی حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 29ـی 5ـی 2026، وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەم تۆمەتبارە تەمەن 32 ساڵە تێوەگلاوە لە داڕشتنی پلان و هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی نێزیکەی 20 هێرش و هەوڵی هێرشکردن لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمریکادا، کە هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی کار و چالاکییە چەکدارییەکانیدا پۆلێن کراون.

لیستی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەعدی کراون، کۆمەڵێک تاوانی قورس لەخۆدەگرن کە گرنگترینیان پیلانگێڕی و پێشکەشکردنی پشتگیریی ماددییە بە کەتائیبی حزبوڵڵا و سوپای پاسداران، هەروەها هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی چەکداریی فرەنەتەوەیی و تەقاندنەوەی شوێنە گشتییەکان.

لە پاڵ ئەمانەشدا، تۆمەتبار کراوە بە تێکدانی موڵک و ماڵ لە ڕێگەی تەقەمەنییەوە و دابینکردنی دارایی بۆ گرووپە چەکدارەکان، کە سزای ئەم تاوانانە لە پێنج ساڵ زیندانییەوە دەست پێ دەکات و بۆ هەندێک لە تۆمەتەکان تا دەگاتە زیندانیی هەتاهەتایی.

لەو بارەیەوە، تۆد بلانچ، داواکاری گشتیی ئەمریکا بەوەکالەت، ئاماژەی بەوە کرد، سەعدی وەک سەرکردەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵا، ڕاستەوخۆ لە بڕیارە سەربازییەکاندا بەشدار بووە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جیهاندا و پلانی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی لەناو خاکی ئەمریکادا داناوە، ئەو دادوەرە جەختی کردەوە، چاوەڕێ دەکەن بەپێی یاساکانی ئەمریکا لە دادگایەکی ناوخۆی وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، جای کلایتۆن، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە ناوچەی باشووری نیویۆرک، ڕایگەیاند، محەمەد باقر سەعدی لەگەڵ ڕێکخراوە چەکدارییەکاندا هەماهەنگیی کردووە بۆ ئاراستەکردنی هێرشەکان و بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی لەناو ئەمریکادا، ئەمەش وەک بەشێک لەو چالاکییانەی کە ئاسایشی نێودەوڵەتییان خستووەتە مەترسییەوە.

سەبارەت بە پاشخانی ئەم دۆسیەیەش، لە 16ـی ئایاری 2026، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، دەستبەسەرکردنی سەرکردەیەکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقیی لایەنگری ئێرانیان ڕاگەیاند، بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا، لەنێویاندا هێرش بۆ سەر بنکە و شوێنە جووەکان.

هەروەها لە ڕۆژی دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، ئەبو موجاهید عەساف، فەرماندەی ئەمنیی کەتائیبی حزبوڵڵا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، کە ئەو کەسە دەستبەسەرکراوە کە ناوی محەمەد باقر سەعدییە، سەر بە گرووپی کەتائیبی حزبوڵڵا نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەسفی کرد بەوەی کە ئەو یەکێکە لە پشتیوانانی هێزەکانی مقاوەمە، و گوتیشی کە ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP