هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" ڕایگەیاند، واشنتن و تاران یەکجار لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە پێشوەختە هیچ سزایەک یان داراییەکی بلۆککراوی ئێران ئازاد ناکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەند زانیاری و مەرجێکی نوێی واشنتنی سەبارەت بە دۆسیەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران خستە ڕوو، ئاماژەی بەوە کرد کە مەرج نییە لوبنان بەشێک بێت لە ڕێککەوتنە کورتخایەنەکەی نێوانیان لەگەڵ ئێران.
ڕاشیگەیاند : "ئەگەر ئێران ڕەفتاری خۆی چاک بکات و کارێکی باش ئەنجام بدات، ئەو کاتە ئێمەش دەست بە گفتوگۆ دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی تاران هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند، ئەگەر بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئەوا پێکەوە لەگەڵ ئێران کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوە و لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز، بەڵام ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا هێزی سەربازیی ئێران زیاتر لاواز دەکەن تاوەکو هێزەکانی ئەمریکا بتوانن بە شێوازێکی بێوەی (سەلامەت) دەست بەسەر یۆرانیۆمەکەدا بگرن.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا ئاراستەیەکی توند پەیڕەو دەکات تاوەکو تاران بە تەواوی دەستبەرداری ویستە ئەتۆمییەکانی ببێت.
وتیشی: ئێران دانی بەوەدا ناوە کە نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بەندێکمان لەو بارەیەوە جێگیر کردووە کە هەمووان پێی ڕازی بوون بەدەر لە من، چونکە من دەمەوێت بەندێکی زیادە جێگیر بکەم کە گەرەنتیی ئەوە بدات کە ئێران نەتوانێت بە هیچ شێوازێک بدات لەژێری ڕێککەوتنەکە و پێشێلی بکات.