هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان ڕاگرتنی فەرمیی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ و گەڕانەوەی دوا کاروانی حاجیانی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە ئێستادا هیچ حاجییەکی کوردستان لە سعودیە نەماوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی 6ـی 2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمشەو دوا کاروانی حاجیانی کوردستان بەپێی خشتەی داڕێژراو گەڕانەوە کوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا، وریا مەولانا خالد بالیسانی، سەرپەرشتیاری پرۆسەی حەجی ئەمساڵ ڕایگەیاند، پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و لە ئێستادا هیچ حاجییەکی کوردستان لە سعوودیە نەماوە.
سەرپەرشتیاری حەجی ئەمساڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومڕەی کوردستان پرۆسەیەکی ڕێکخراویان بەڕێوەبردووە، سوپاسی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد، کە هاوکار و پاڵپشت بووە، هەروەها سوپاسی سەرجەم فەرمانبەرانی پرۆسەی حەجی ئەمساڵی کرد، کە لە پێناو خزمەتکردنی حاجیاندا کاریان کردووە.