دواین هەواڵ

جیهان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

لە وەڵامی تڕەمپدا؛ سووریا ڕای دەگەیەنێت هیچ پلانێکی بۆ دەستوەردانی سەربازی لە لوبنان نییە

هەرێم نیوز

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا وەڵامی ناڕاستەوخۆیدا بۆ پێشنیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند کە دەنگۆی دەستوەردانی سەربازیی سووریا لە لوبنان بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە و جەختی کردەوە کە دیمەشق بە توندی پابەندی ئەو سیاسەتە دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، 13ـی 6ـی 2026، لە دیدارێکدا لەگەڵ شاندێکی کەسایەتییەکانی گوندەواری دیمەشق، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد، ئەو زانیارییانەی کە باس لە بەشداریکردنی سوپای سووریا لە پرۆسەی چەککردنی حزبوڵا دەکەن، بنەمایەکیان نییە.

 ئەم هەڵوێستەی سەرۆککۆماری سووریا وەک وەڵامێکی ڕاشکاوانە بۆ لێدوانەکەی پێشووتری دۆناڵد ترەمپ سەیر دەکرێت، کە تێیدا تڕەمپ بە ئاشکرا داوای کردبوو سووریا ئاسانکاری بۆ هێرشکردنە سەر حزبوڵا بکات و ئەحمەد شەرعی بە سەرکردەیەک وەسف کردبوو کە دەتوانێت لەو هەوڵانەدا هاوکار بێت.

شەرع لە درێژەی قسەکانیدا هۆکاری دواخستنی پرسی دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان سووریا و لوبنانی بۆ قەیرانی مرۆیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە 1,500,000 کەس لە لوبنان گێڕایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە لەم دۆخە هەستیارەدا، دیاریکردنی سنوور لە پێشینەی کاریاندا نییە.

چاودێران پێیان وایە، ئەم وەڵامەی ئەحمەد شەرع ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دیمەشق نایەوێت ببێتە بەشێک لەو نەخشە ئەمنییەی ترەمپ بۆ دژایەتیکردنی حزبوڵا دایناوە.

 ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی ئەو سەقامگیرییەی شەرع لە سووریا هێناویەتییە دی، دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی وردتر لە دژی حزبوڵا، بەڵام دیمەشق بەم هەڵوێستە نوێیەی، سنوورێک بۆ ئەو پێشنیارانە دادەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP