هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە جیهانی سەلماندووە کە ئاسایشی ناوچەکە بەبێ ڕۆڵی کارای تاران مەحاڵە و یەکڕیزیی گەلەکەشی بووەتە پاڵپشتی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی هێزی دیپلۆماسیی وڵات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی 6ـی 2026، عەباس عێراقچی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو وێنەیەی لە جەنگی دواییدا لە هێزی ئێران نیشانی جیهان درا، تەنها چەک نەبوو، بەڵکو یەکڕیزی و خۆڕاگریی خەڵک بوو.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئێران لەو جەنگەدا تەنها سەرکەوتنی مەیدانی بەدەست نەهێناوە، بەڵکو دەستکەوتێکی ستراتیجیی گەورەی تۆمار کردووە کە کاریگەرییەکەی لە هاوکێشەکانی جیهان و ناوچەکەدا ڕەنگ دەداتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، ئەو گێڕانەوەیەی دوژمن کە گوایە ئێران بەهۆی سزاکانەوە لاواز و گۆشەگیر بووە، بە تەواوی هەڵوەشایەوە و ئێستا چاودێرانی نێودەوڵەتی دان بەوەدا دەنێن کە ئێران دوای ئەم قۆناغە بەهێزتر و یەکگرتووتر دەرکەوتووە.
عێراقچی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی: "سەلمێندراوە کە سەقامگیریی ناوچەکە تەنها بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی هەمووان دێتە دی." جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ بونیادنانی پێکهاتەیەکی نوێی ئەمنی، پێویستە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەشداریی کارایان هەبێت و ئێرانیش ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی دەستەجەمعی دووپات کردەوە.