دواین هەواڵ

عێراق‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد حوسێن: فشار لەسەر عێراق هەیە بۆ ئەوەی بخرێتە ناو جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری لە هەوڵەکانی تێوەگلانی وڵاتەکەی لە شەڕی ئێستا ناوچەکە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەغدا دژی فراوانبوونی پێکدادانەکانە و دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بپارێزێت.

فشارەکان بۆ سەر بەغدا و زیانەکانی عێراق
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: "لە ئێستادا فشارێکی زۆر لەسەر عێراق هەیە بە ئامانجی ئەوەی ڕابکێشرێتە ناو پێکدادانە سەربازییەکانەوە، لە کاتێکدا هەڵوێستی فەرمیی ئێمە ڕوونە کە دژی هەر جۆرە شەڕ و بەردەوامی و فراوانبوونێکی گرژییەکانین لە ناوچەکەدا."

وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، کە عێراق هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی ئەم ململانێیەوە باجەکەی داوە و بەهۆی لێکەوتەکانی ئەم شەڕەوە، زیانی ماددی بەرکەوتووە و لە ڕووی مرۆییشەوە نزیکەی ٢٠٠ هاووڵاتی بوونەتە قوربانی. زانیاریی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، عێراق هەناردەکردنی نەوتی خۆی ڕاگرتووە و نەیانتوانیوە نەوت ڕەوانەی دەرەوە بکەن.

هاوکاری لەگەڵ کەنداو و پرسی ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان
فوئاد حوسێن جەختی لەسەر پاراستنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەر کردەوە و ڕایگەیاند: "عێراق بە تەواوی پابەندە بە پەیوەندیی باش لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، سەکۆنەی هەر هێرشێکیش دەکەین کە ئاسایش و خاکی وڵاتانی کەنداو بکاتە ئامانج." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەغدا ئامادەیە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی ئەمنی و ئاڵوگۆڕی پێشوەختەی زانیاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.

پەیوەست بە دۆسیەی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشهاتێکی نوێی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا، تا ئێستا سێ گرووپی چەکدار دەستیان کردووە بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەت، بەڵام پرسی چەک و هەڵوێستی کۆتایی (کەتائیبی حزبوڵڵا) و (بزووتنەوەی نوجەبا) سەبارەت بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە."

ئەم لێدوانە هۆشداریکەرەوەیەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە، کە ماوەی حەوت ڕۆژە فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشی چڕ دەکەنە سەر قووڵایی خاکی ئێران، لە بەرامبەردا تاران بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج؛ هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش کەوتوونەتە بەر هێرشی موشەکی و درۆنیی لایەنە ناکۆکەکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP