هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە مامەڵەکردن بە سەدان سکەی زیوی مێژوویی دەکات و بە فەرمی ڕادەستی مۆزەخانەی سلێمانییان دەکاتەوە، هاوکات سێ تۆمەتباریش لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیر دەکات.
کەشفکردنی سکەکان و ڕادەستکردنیان بە مۆزەخانه
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئاسایش توانیویانە دەست بەسەر ٦٨٢ سکەی زیوی کۆندا بگرن کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی ١٢ تاوەکو ١٣ی زایینی و سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی ئیلخانییەکان دەگەڕێتەوە. لە مەراسیمێکی تایبەتیشدا، ئەو شوێنەوارە بەنرخانە پێشکەشی مۆزەخانەی سلێمانی کران.
وردەکاریی دۆزینەوەی شوێنەوارەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران
سەبارەت بە وردەکاریی کەیسەکە، وتەبێژی دەزگای ئاسایش ڕوونی کردەوە، ئەو سکانە لەلایەن دوو هاووڵاتیی دانیشتووی دەشتی شارەزوورەوە دۆزرابوونەوە کە پیشەیان شوان بووە و تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵیدایە، بەڵام دواتر هەوڵیانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی مامەڵە بەو سکە مێژووییانەوە بکەن و بییانفۆرشن.
وتەبێژی دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا، هێزەکانی ئاسایش توانیویانە ئەو دوو هاووڵاتییە لەگەڵ کەسێکی دیکە کە ویستوویەتی سکەکان کڕین و فروشیان پێوە بکات دەستگیر بکەن. دەستگیرکردنەکەش بەپێی ماددەی ٢٤ لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٢١ی تایبەت بە شوێنەوار ئەنجامدراوە و تۆمەتباران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی کراونەتەوە.