هەرێم نیوز
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی نەوت و کانزاکانی کرد و بە مەبەستی دابینکردنی بەنزین و پێداچوونەوە بە نرخەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی سووتەمەنی، پێنج بڕیاری نوێی دەرکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، بە سەرپەرشتیی وەزیری سامانە سروشتییەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و پێداچوونەوە بە نرخەکانی بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری داوە هەموو هەوڵێک بدات بۆ زیادکردنی پشکی حکوومەتی هەرێم لە نەوتی خاو کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت.
لە ئێستادا ئەو پشکە تەنها 50 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە دەکاتە 39.46٪ـی شایستەی ڕاستەقینەی هەرێم، لە کاتێکدا بەپێی ڕێژەی 12.67٪ـی دانیشتووان، دەبێت ئەو بڕە بۆ 126,700 بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێتەوە.
لە بڕیارێکی دیکەدا، جەخت کراوەتەوە سەر زیادکردنی بڕی بەنزینی جۆری نۆرمالی پاڵپشتیکراوی حکوومی کە نرخی هەر لیترێکی 750 دینارە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ دەکرێت.
هاوکات بڕیار دراوە چاودێریی بەنزینی بازرگانی لە جۆرەکانی (نۆرمال، محەسەن و سوپەر) بە شێوەی ڕۆژانە بکرێت، تاوەکو لە ڕووی کوالێتی و نرخەوە گونجاو بێت لەگەڵ واقیعی بازاڕی ئێستای هەرێمی کوردستان.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی سووتەمەنی، بڕیار دراوە کاری لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چڕتر بکرێتەوە بۆ پاراستنی کوالێتیی جۆرەکانی بەنزین.
هەروەها بڕیاریشە وەزارەت هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکات بۆ هاوردەکردنی بەنزین و ئەو ماددە کیمیاییانەی بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەکار دەهێنرێن، بەپێی مەرج و ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.