هەرێم نیوز
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە لە پڕۆسەی ڕاهێنانی مامۆستایان پاشەکشە ناکەن و ڕای گەیاند کە خولەکان لە 1 تاوەکو 19ـی ئەیلوول بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی 8ـی 2026، شاندێکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەگەڵ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر بارودۆخی پەروەردە و سیستەمی مامۆستایانی ڕاهێنەر کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە پڕۆسەی ڕاهێنانی مامۆستایان کرد و ڕوونی کردەوە کە خولەکان لە 1 تاوەکو 19ـی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبن و جەختیشی کردەوە کە وەزارەت پاشەکشە لە ڕاهێنانی مامۆستایان ناکات.
هاوکات ڕوونی کردەوە کە هەر مامۆستایەک تەنیا بۆ ماوەی چوار تا پێنج ڕۆژ لە ناو ئەو وادەیەدا بەشداری لە خولی ڕاهێناندا دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، سەرجەم مامۆستایان لە ماوەی ساڵێکدا تەنها یەکجار بەشداری لەو خولەی مانگی نۆدا دەکەن و چیتر مامۆستای ڕاهێنەر بە شێوەی هەفتانە سەردانی قوتابخانەکان ناکات.