دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان: پێویستە حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٣٨ەمین ساڵیادی شاڵاوی ئەنفالی بادیناندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕێزی لە یاد و قوربانییانی ئەو تاوانە گرت، هاوكات داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد قەرەبووی زیانلێکراوان بکاتەوە.

یادکردنەوەی قوربانییانی جینۆسایدی بادینان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دواقۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایددا، ڕژێمی پێشووی عێراق هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لە پێکهاتە جیاوازەکانی دەڤەری بادینان شەهید و بێسەروشوێن کرد.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش دا، لەو تاوانە دڕندانەیەدا سەدان گوند و دێهات وێران کران، کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی دەیان هەزار کەسی ناوچەکە.

داواکاریی قەرەبووکردنەوە و پابەندیی حکومەت
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق قەرەبووی گشت کەسوکاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، کیمیاباران و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە.

لە کۆتاییشدا سەرۆکی حکومەت جەختی لە پابەندبوونی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP