هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێ لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە نیشانەی لاوازی یان ترس نەبووە، بەڵکو بڕیارێک بووە لەسەر بنەمای لۆژیک و هۆشیاری.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی بەهرەمەند ڕایگەیاند، تەبایی و یەکڕیزی مەرجی سەرەکین بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی گەشەپێدان. ئاماژەی بەوەش کرد، دوژمنان درکیان بەوە کردووە کە ناتوانن لە ڕێگەی سەربازییەوە گەلی ئێران کۆنتڕۆڵ بکەن، بۆیە سەرنجیان خستووەتە سەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان.
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوەش کردەوە، بەکارهێنانی فشاری ئابووری یەکێکە لە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی ئێران بە خۆڕادەستکردن، بەڵام یەکڕیزیی کۆمەڵگە ڕێگەی نەداوە ئامانجەکانیان بەدی بێن.
هەروەها سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕوونی کردەوە کە بە تێکڕای دەنگ و لەسەر بنەمای ژیریی بەکۆمەڵ و پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی بووە.