دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

جێگری سەرۆکی ئەمریکا: سەرچاوە داراییەکانی ئێرانمان وشک کردووە و بژاردەی ئەوتۆیان نەماوە

هەرێم نیوز

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت کە وڵاتەکەی سەرکەوتوو بووە لە وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران و ڕێگریکردنی تەواوەتی لە هەناردەکردنی نەوت، بەهۆیەوە بژاردەیەکی ئەوتۆ لە بەردەم تاراندا نەماوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە ڕوو.

ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ئەمریکا لە ڕێگەی توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لە وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران. ڕوونیشیکردەوە کە بە تەواوی ڕێگرییان لە هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە کردووە، و بەمەش ئێرانییەکان لە هەناردەکردنی نەوت بێبەش کراون و لە ئێستادا هیچ داهاتێکیان لە کەرتی بیانییەوە دەست ناکەوێت.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی ئەم فشارە ئابوورییە توندانەوە، بژاردەیەکی ئەوتۆ لە بەردەم تاراندا نەماوەتەوە بۆ دەربازبوون لەم دۆخە.

لەبارەی ئەگەری چارەسەری سیاسی و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، جەی دی ڤانس ئاشکرای کرد، واشنتن ئامادەیە ڕێککەوتن بکات، بەڵام ئەو هەنگاوە بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندی و بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP