دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گرانبوونی نرخی بەنزین لە ئێران؛ هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری بەنزینخانەکان بڵاوەیان پێکراوە

هەرێم نیوز

حکوومەتی مەسعود پزیشکیان نرخی بەنزینی بۆ پشکی سێیەم (لە دەرەوەی بەشەی مانگانە) بۆ دوو هێندە بەرزکردەوە. لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەدا، هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورسەوە لە دەوروبەری بەنزینخانەکان و شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانی ئێران بڵاوەیان پێکراوە.

ڕۆژی سێشەممەی رابردوو، حکوومەتی ئێران بە فەرمی نرخی بەنزینی سێیەمی بۆ 10 هەزار تمەن بەرزکردەوە. فاتیمە موهاجەرانی، وتەبێژی حکوومەتی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی 60 لیتر بەنزینی 1500 تمەنی و 50 لیتر بەنزینی 3000 تمەنی وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام نرخی بەنزینی سەروو ئەو بڕە دوو هێندە دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە شارەکانی وەک شیراز، ئەسفەهان، مەشهەد، ساوا، تاران و بەندەرعەباس، دۆخێکی ئەمنیی توند سەپێنراوە. هێزەکانی یەکەی تایبەت، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکی قورسەوە لە نزیک بەنزینخانەکان جێگیر کراون.

 ئەمەش لە ترسی دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی 98 دێت کە بەهۆی گرانبوونی بەنزینەوە سەریانهەڵدا. هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە هێڵی ئینتەرنێت زۆر خاو بووەتەوە و زۆربەی بەرنامەکانی شکاندنی فلتەر (VPN) لەکار کەوتوون.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی حکوومەت ئاماژە بە قەیرانی کورتهێنانی بەنزین دەکەن. محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بەرگری لە بەرزکردنەوەی نرخەکە کرد و ڕایگەیاند، تێچووی هاوردەکردنی یەک لیتر بەنزین زیاتر لە 70 هەزار تمەن لەسەر حکوومەت دەکەوێت.

 هاوکات، محەممەد جەعفەر قائیم پەنا ڕایگەیاندووە کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ خراوەتە سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران، ناتوانن بەنزین هاوردە بکەن. 

بەپێی ئامارەکان، تێکڕای بەکارهێنانی ڕۆژانەی بەنزین گەیشتووەتە 132 ملیۆن لیتر، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان نزیکەی 122 ملیۆن لیترە، بەوەش ئێران لە ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 10 ملیۆن لیتر کورتهێنانی بەنزینی هەیە.

بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کردووە کە ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی خۆراک، کرێی گواستنەوە و کاڵا سەرەکییەکانی دیکە، لە کاتێکدا توانای کڕینی خەڵک زۆر دابەزیوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP