هەرێم نیوز
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، ئێران لە چینەوە وێنەی پڕ لە کوالێتی و زۆر وردی مانگە دەستکردەکانی بنکەی سەربازیی ئەمریکا "مۆفەق سولت"ی لە ئوردن پێگەیشتووە، بەر لەوەی بە مووشەک هێرشی بکاتە سەر کە لە ئەنجامی هێرشەکەیدا سێ سەربازی ئەمریکی گیانیان لە دەست دا.
هۆشداریی پێش وەختی واشنتن بۆ بەیجینگ
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەمریکا کە بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ زانیارییان درکاندووە، هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکە، دوای مانگێک هۆشداریدان لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە بۆ هاوتا چینییەکان دێت، کە کۆمپانیاکانی چین وێنەی ناوچە سەربازییەکانی ئەمریکا بە مانگە دەستکردەکان دەگرن و بۆ ئێرانی ڕەوانە دەکەن، بەمەش مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانی سەربازان و جبەخانەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەرپرسانی چین داوای بەڵگەی یەکلایکەرەوە دەکەن کە بیسەلمێنێ کۆمپانیاکانی چین لە پشتی ئەم کارەوەن.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، چین بە بەردەوامی مەترسییەکانی واشنتنی لەوبارەوە ڕەواندووەتەوە و ڕەتی کردووەتەوە کە کۆمپانیاکانی چین چالاکی لەم جۆرە لەگەڵ ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام ڕاستییەکە بە جۆرێکی ترە و لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و زیانی زۆریش بەر چەک، فڕۆکە و جبەخانەی سەربازیی ئەمریکا لەو بنکە سەربازییە گەیشت.