دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕاگەیاند، کە بەپێی خشتەکە ڕۆژی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و ڕۆژی شەممە کۆتایی پێدێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە (15ـی ئەیلوولی 2026) دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی شەممە (19ـی ئەیلوولی 2026) پرۆسەی دابەشکردنی مووچە کۆتایی پێدێت.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە کەمێک لەمەوبەر بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆران خستراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

سەبارەت بە بڕینەکان لە تەمویلی مووچە، وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە کە هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە. سەرەڕای ئەوەش، بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار دیناری دیکەی لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP