هەرێم نیوز
پارێزگای هەولێر ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نوێی ستراتیژیی دووسایدکردنی ڕێگاوبان، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هاتووچۆ و بەستنەوەی پارێزگاکەیە بە سنوورە نێودەوڵەتییەکان.
شادەماری بەستنەوەی هەولێر بە سۆران و دەروازە سنوورییەکان
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە بە دیزاینێکی سەردەمیانە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت و بە تەواوبوونی، کۆتایی بە کێشەی پێچەکانی سپیلک دەهێنێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد ئەم پڕۆژەیە وەک شادەماری بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەروازە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت.
قۆناغەکانی جێبەجێکردن و کاتی دەستپێکردن
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو کە چاوەڕوان دەکرێت دوای تەواوبوونی کارەکانی تونێل و ڕێگەی میرەوا و ماوەڕان، دەست بەم پڕۆژە نوێیە بکرێت، کە لە چەند قۆناغێکدا دووسایدکردنی ڕێگەی سپیلک - قەندیل دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.