دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

تاران ئامادەباشیی سەربازی گەیاندە ئاستی "هەرە بەرز"

هەرێم نیوز

هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ئامادەباشیی خۆیان گەیاندە ئاستی "هەرە بەرز". تاران ڕایگەیاند کە پلانی هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل داناوە، ئەمەش دوای ئەوەی ٧ مەرجیان بۆ واشنتن دیاری کرد بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان.

ڕێکاری نائاسایی و پلانی هێرشی پێچەوانە
سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سوپا ڕێکاری نائاسایی گرتووەتە بەر بۆ بەرزکردنەوەی توانای وەڵامدانەوە لە هەموو ڕێگەکانی وشکانی، ئاسمانی و دەریاییەکاندا، کە ئەم هەنگاوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر "سەرکێشییەکی سەربازیی" لایەنی بەرامبەرە.

پلانی ئێران ئەوەیە کە لە حاڵەتی هەر هێرشێک بۆ سەر خاکەکەی، بە شێوەیەکی کتوپڕ و "قورس" هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج. ئەم ئامادەباشییە هاوكاتە لەگەڵ هۆشدارییە ئەمنییەکانی باڵوێزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دراوسێی ئێران.

٧ مەرجەکەی تاران بۆ واشنتن
موحسن ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی ٧ مەرجی سەرەکیی داوەتە ئەمریکا وەک پێشمەرج بۆ هەر دانوستانێک، کە واشنتن هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردمدا نییە جگە لە قبووڵکردنی داواکارییەکانی تاران تاوەکو لەو قەیرانە ڕزگاری بێت کە خۆی تێی کەوتووە.

موحسن ڕەزایی ڕاشیگەیاندووە: "ئێمە بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەین و پەیاممان بۆ ئەمریکا ڕوونە؛ هیچ پاشەکشەیەک لە مەرجەکانمان ناکەین و سوپا لە بەرزترین ئاستی وشیاریدایە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکمان و لێدانی هەر هەڕەشەیەک کە لە بەرژەوەندییەکانمان نزیک بێتەوە."

پاشخانی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران
ململانێی ئەمریکا و ئێران چووەتە قۆناغی "لێواری جەنگی گشتگیرەوە" و واشنتن هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گەمارۆی دەریایی و سزای ئابوورییەوە تاران ناچار بە ڕێککەوتنێکی نوێ بکات، بەڵام ئێران لە ڕێگەی بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکانی و بەکارهێنانی کارتەکانی خۆی وەڵامی فشارەکان دەداتەوە. ئەم دۆخە وای کردووە کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناهەموارترین باری خۆیدا بێت و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە هەموو کاتێک زیاتر بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP