هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی فەرمیی ژمارە (١١٤٧٤) لە ١٣ی٩ی٢٠٢٦، هەرسێ وەزارەتی (داد، دارایی و ئابووری، پلاندانان)ی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوون و ئامادەکردنی تێبینی و سەرنجی یاسایی و دەستووری لەسەر پڕۆژەیاساکانی فیدراڵیی تایبەت بە قەرز و بەخشینەکان (الإقتراض والمنح والإعانات).
دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان بەپێی مادەی ١٠٦ی دەستوور
ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ڕوونکردنەوە و دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە لای حکوومەت و پەرلەمانی فیدراڵی.
لە بڕیارەکەدا دووپات لە جێبەجێکردنی مادەی (١٠٦)ی دەستوور کراوەتەوە، کە پێویستە هەرێمی کوردستان بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی پێ بدرێت کە حکوومەتی فیدراڵی وەری دەگرێت.
لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بەشدار بووە لە دانەوەی قەرزە نێودەوڵەتییەکان و سوودەکانیان، نابێت لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشینەکاندا مافە دەستوورییەکانی هەرێم پەراوێز بخرێن یان سنووردار بکرێن.
ڕەچاوکردنی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی
لە کۆتاییدا دووپات کراوەتەوە کە ئەم پڕۆژەیاسایانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر مافە دەستووری و داراییەکانی هەرێم هەیە، بۆیە پێویستە لە تەواوی قۆناغەکانی تاوتوێکردن و پەسندکردنیاندا، بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و دادپەروەری ڕەچاو بکرێن.