دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

گرژییەکانی پاریس و تاران گەیشتنە لوتکە؛ فڕەنسا باڵوێزی ئێران بانگهێشت دەکات

هەرێم نیوز

حکومەتی فڕەنسا ڕایگەیاند، باڵوێزی ئێران لە پاریس بانگهێشت دەکات و ڕێکاری توند دژی داخستنی ناوەندی زمانی فڕەنسی لە تاران دەگرێتە بەر. پاریس ئەم هەنگاوەی تارانی بە "ناڕەوا و ناپەسەند" وەسف کرد، کە بووەتە هۆی تێکچوونی زیاتری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان.

تۆمەتەکانی تاران و وەڵامی پاریس
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا، پاسکال کۆنفاڤڕۆ، وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە داخستنی ناوەندی زمانی فڕەنسی لە تاران هێرشێکی نوێیە بۆ سەر بوونی کەلتووریی فڕەنسا لە ئێران.

پێشتر ئاژانسی "تەسنیم" بڵاوی کردبووەوە کە ناوەندی زمانی فڕەنسی لە تاران بە بڕیاری دادگا داخراوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی چالاکیی "دژی ئاسایشی نیشتمانی" و هاندانی شارەزا ئێرانییەکان بۆ جێهێشتنی وڵات. فڕەنسا ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی "ترساندن" کە تاران لەم مانگانەی دواییدا دژی دیپلۆماتکارانی فڕەنسی پەیڕەوی دەکات.

پێشێلکاریی ڕێککەوتنە دیپلۆماسییەکان
وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا ڕایگەیاندووە: "ئێمە هیچ پاساوێک بۆ داخستنی ناوەندە کەلتوورییەکەمان لە تاران نابینین و ئەمە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە دیپلۆماسییەکانە؛ پاریس مافی خۆیەتی هەموو ڕێکارێکی گونجاو بگرێتە بەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هەنگاوە دوژمنکارانەیەی ئێران."

پاشخانی گرژییە دیپلۆماسییەکان
گرژییەکان دوای ئەوە توندتر بوون کە وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە یادی چوار ساڵەی کوشتنی ژینا ئامینی پەیامێکی بڵاو کردەوە، کە لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بە "فرمێسکی تەمساح" وەسف کرا. عێراقچی فڕەنسای بە کوشتنی ١.٥ ملیۆن جەزائیری تۆمەتبار کرد و ڕەخنەی لە بێدەنگیی پاریس گرت بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە هەردوو وەزیر لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆ بببنەوە، لە کاتێکدا پەیوەندییەکان بەهۆی دەستگیرکردن و دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانی یەکتری لە ماوەی هاویندا، گەیشتوونەتە نزمترین ئاست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP