دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرماندەی سێنتکۆم لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل و هەشت دەوڵەتی عەرەبی کۆبووەوە

هەرێم نیوز


قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە کرد و ڕای گەیاند، ئەگەر هەر هەڵەیەک بەرامبەر تاران ئەنجام بدەن، سەرجەم بنکە و بەرژەوەندییەکانیان دەبنە ئامانجی هێرشی کاریگەر و بەئازار.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی 9ـی 2026، قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بە گڵۆپی سەوزی وڵاتانی ناوچەکە و لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لە وڵاتێکی ئەورووپی هەنگاوی نوێی دژی ئێران ناوە؛ هاوکات هۆشداریشی دایە وڵاتانی ناوچەکە کە لە ئەگەری بەردەوامبوون لە سیاسەتی دووفاقیانە و هاودەنگی لەگەڵ واشنتندا، بە هاوبەشی ئەو کردارانە دادەنرێن و چیدی هێزە چەکدارەکانی ئێران دان بەخۆیاندا ناگرن.
 
ئەم پەیامە هەڕەشەئامێزەی تاران دوای ئەوە هات کە پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کرد، سەرەتای ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی سەربازیی نهێنی لە ئەڵمانیا بە سەرپەرشتیی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و بە بەشداریی سوپاسالار و فەرماندە باڵاکانی ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، کوێت، قەتەر، ئوردن و میسر بەڕێوەچووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران تاوتوێ کراوە؛ ژەنەراڵ ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل شرۆڤەی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان خستووەتەڕوو، هاوکات ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم دڵنیایی داوەتە بەشداربووان کە سەرەڕای هێرشەکان، واشنتن لە ناوچەکە ناکشێتەوە و پلانەکانی بۆ فراوانکردنی پاراستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز جێبەجێ دەکات.
 
 سێنتکۆمیش ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP