هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "دەیلی ستار"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر توێژینەوەیەکی زانستیی کۆن کە هۆشداریی دابوو لەوەی زیادبوونی لەڕادەبەدەری دانیشتووان لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٦دا دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی ژیان و لەناوچوونی مرۆڤایەتی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی 9ـی 2026، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێشبینییەکە دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەیەکی زانستی کە لە ساڵی ١٩٦٠ لە گۆڤاری زانستیی ناسراو لەلایەن سێ توێژەری زانکۆی ئیلینۆی، بە ناوەکانی هاینز ڤۆن فۆرستەر، پاتریشیا ئێم مۆرا و لۆڕێنس دەبلیو ئامیۆت ئامادە کرابوو؛ تێیدا لە ڕێگەی هاوکێشەیەکی بیرکارییەوە پێشبینی کرابوو لە ڕۆژی هەینی، ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەهۆی گەشەی لەڕادەبەدەری دانیشتووانەوە سەرچاوەکانی گۆی زەوی بەرگەی پێداویستییەکان نەگرن و بگەنە خاڵی کۆتایی.
لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەکە لە ساڵی ١٩٦٠، دانیشتووانی زەوی نزیکەی سێ ملیار کەس بوون، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەکە ٨.٣ ملیار کەسی تێپەڕاندووە؛ هاوکات هۆکاری دەنگدانەوەی دووبارەی ناوەرۆکی توێژینەوەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فۆرستەر چەندین دەیە لەمەوبەر پێشبینیی گەشەسەندنی مەترسیداری ژیریی دەستکردی کردبوو کە هاوشێوەی مرۆڤ و بە توانایەکی فراوانتر کار بکات، ئەوەش سەرنجی ناوەندە میدیایییەکانی بۆ پێشبینییە ماتماتیکییەکانی دیکەی ناوبراو ڕاکێشاوەتەوە.