دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

برێت مەکگۆرک لەسەر یەکخستنەوەی پێشمەرگە: جیهان قەرزاری ئەو قارەمانانەیە

هەرێم نیوز

بەرپرسێکی باڵای پێشووی کۆشکی سپی پێشوازی لە ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و، جەختی کردەوە، جیهان قەرزاری ئەو قارەمانانەیە.

ستایشی مەکگۆرک بۆ هەنگاوە نوێیەکە
برێت مەکگۆرک، هەماهەنگیکاری پێشووی کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەیدا لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "ئەمە هەواڵێکی زۆر باشە و ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕوانی ئەم هەنگاوە دەکرا."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەکگۆرک پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەو لایەنانە کرد کە لە پرۆسەکەدا بەشدار بوون و ڕۆڵیان هەبووە. هەروەها وتی: "جیهان قەرزاری پێشمەرگەیە و هەمیشە سوپاسگوزاری ئەو هێزەین."

پەیکەری نوێی هێزەکانی پێشمەرگە
ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکی گەورە و فەرمیدا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ جێگرانیان، وەزیری پێشمەرگە، نوێنەرانی سەربازیی عێراق و هاوپەیمانان؛ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیەنرا.

یەکخستنەکە بەپێی نەخشەڕێگایەکی ئەکادیمی و لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدا جێبەجێ کراوە و تێیدا هێزەکانی پێشمەرگە لە ١١ فیرقەی سەربازی، دوو هێزی پشتیوانی، یەکەی کۆماندۆ و دوو دەڤەری سەربازیدا ڕێکخراونەتەوە.

مێژووی هاوکاری و تێکشکاندنی داعش
هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگیان لە تێکشکاندنی ئەو ڕێکخراوەدا بینی. لەو کاتەدا برێت مەکگۆرک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بوو لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و، لە نزیکەوە ئاگاداری قوربانیدان و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگە بوو، بۆیە بەردەوام ستایشی ڕۆڵی کورد دەکات لە تێکشکاندنی تیرۆردا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP