دواین هەواڵ

کوردستان‌

 38 خولەک پێش ئێستا

سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق پەیامێک ئاراستەی پێشمەرگە دەکات

هەرێم نیوز

عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی سیستەمی ئەمنیی عێراق و پتەوکردنی هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو لا وەسفی دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی 9ـی 2026، عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا پیرۆزبایی لە فەرماندە و کارمەندانی هێزەکانی پێشمەرگە کرد بەبۆنەی ڕاگەیاندنی یەکخستنەوەیان.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی یەکگرتوودا دێت و پایەیەکی گرنگە بۆ پتەوکردنی دیسیپلین، ئامادەباشی، و چەسپاندنی پرەنسیپی یەکپارچەییی دامەزراوەی سەربازی لە پێناو پاراستنی نیشتمان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان.

لە درێژەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و تەواوکاریی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و پێشمەرگە کردەوە، وەک دوو بەشی دانەبڕاو لە سیستەمی بەرگری، کە پێشتر لە شەڕەکانی دژی تیرۆردا پێکەوە لە یەک سەنگەردا بەرگرییان لە خاکی عێراق کردووە. 

هاوکات، ستایشی هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەنگاوە، لەوانەش بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، شۆڕش ئیسماعیل، و عیسا عوزێر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP