هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی شارەوانیی دەربەندیخان ڕایگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزاکە، سزای یاسایی و دارایی بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنن کە پاشماوەکانیان دەفڕێننە شوێنە گشتییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی 9ـی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی دەربەندیخان بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەت، یاردەدەرێتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو کەسانەی بە شێوازێکی نابەرپرسانە پاشماوە و زبڵ دەفڕێننە شوێنە گشتییەکانی سنووری شارەوانی، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و سزای یاسایی دەدرێن.
ئاماژەی بەوەش کراوە، سەرجەم ئەو کەسانەی لە رێگەی وێنە و ڤیدیۆکانەوە سەرپێچییان تۆمارکرابوو ناسراونەتەوە، بەشێکیان بە پێبژاردنی دارایی سزادراون و دەستیش بەسەر ئامێرەکانیاندا دەگیرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، شارەوانیی دەربەندیخان داوای پابەندبوونی تەواوی لە هاووڵاتییان کردووە و وەبیری هێناوەتەوە کە تەنیا شوێنی ڕێگەپێدراو (پۆینت) بۆ فڕێدانی زبڵ و پاشماوەکان دەکەوێتە خوار «بانی خێڵان».