هەرێم نیوز
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام بدات و بڕگەکانی یەکخستنەوە و یەکسانکردنی مووچەی پێشمەرگە و درێژکردنەوەی داشکاندنی قەرزی کارەبای هاووڵاتییان تاوتوێ بکرێن.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کارنامەی فەرمیی کۆبوونەوەی ژمارە ١٧٥ی بڵاو کردەوە، کە ئەم بابەتانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
بڕگەی یەکەم: یەکخستنەوە و یەکسانکردنی مووچەی پێشمەرگە
وەزیری کاروباری پێشمەرگە ڕاپۆرتێک لەبارەی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەت و پلانەکانی داهاتوو دەخاتە ڕوو.
هاوکات تاوتوێی هەوڵەکان دەکرێت بۆ یەکسانکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی هێزە هاوتاکانیان لە دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق، لەگەڵ تەرخانکردنی بودجەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکاندا وەک بەشێک لە سیستمی بەرگریی عێراق.
بڕگەی دووەم: درێژکردنەوەی داشکاندنی قەرزی کارەبا
ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامەکانی بڕیاری پێشووی تایبەت بە داشکاندن لە قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای نیشتمانی تاوتوێ دەکات و بڕیاریش لەسەر پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی داشکاندنەکە دەدرێت، تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن بۆ ماوەیەکی زیاتر لەو بڕیارە سوودمەند بن.
بڕگەی سێیەم: کارپێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان
پێشنیاری کارپێکردنی یاسای فیدراڵیی کۆمپانیا گشتییەکان ژمارە ٢٢ی ساڵی ١٩٩٧ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان دەخرێتە ڕوو. ئەم هەنگاوەش لەسەر بنەمای پێشنیاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییە و مەبەست لێی یەکخستنی یاسا بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدایە.
کاتی کۆبوونەوەکە
کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی 'مامۆستا سەعد' لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام دەبێت.