هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕێگەی بڕیارێکی فەرمییەوە، ١٢ ڕاسپاردەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی لە وڵاتدا دەردەکات، کە یەکێکیان تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان و دابینکردنی نەوتی سپی بۆ وەرزی زستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی 9ـی 2026، بەپێی نووسراوێکی فەرمیی پەرلەمانی عێراق کە ژمارە (٥٥)ـی ساڵی ٢٠٢٦ـی لەسەرە، چەندین ڕاسپاردە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی دەرکراون.
لە دیارترین ڕاسپاردەکاندا، داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران کراوە پێداچوونەوە بە بڕیاری ژمارە ٤٢٩ـی ساڵی ٢٠٢٦ تایبەت بە زیادکردنی نرخی بەرهەمە نەوتییەکاندا بکات، بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر تێچووی گواستنەوە و ژیانی هاووڵاتییان و بەردەوامیی کارگەکان.
هەروەها داوای دانانی پلانێکی بەپەلە کراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی پاڵاوگەکان، لەگەڵ توندکردنی چاودێریی ئەلیکترۆنی بەسەر پرۆسەی دابەشکردنی سووتەمەنیدا لە کۆگاکانەوە تا وێستگەکانی پڕکردنەوە، بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و بەفیڕۆدان.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، پەرلەمان جەختی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە پشکی نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ هەرێم و دابینکردنی بڕی پێویستی نەوتی سپی بۆ وەرزی زستانی داهاتوو.
هاوکات، داوا کراوە نرخی سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو بۆ جووتیاران بگەڕێنرێتەوە دۆخی پێشووی خۆی بە مەرجی ڕێگریکردن لە دزەپێکردنی، و پەلە بکرێت لە تەواوکردن و کارپێکردنی یەکەی شکاندن بە هاندەری شل (FCC) لە پاڵاوگە نوێیەکاندا، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گۆگرد بۆ زیادکردنی داهاتی گشتی.