دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وۆڵ ستریت جۆرناڵ: چین 1300 باری کەرەستەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ڕەوانەی ئێران کردووە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، کە تا مانگی حوزەیرانی ڕابردوو چین ١٣٠٠ باری کەرەستەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ڕەوانەی ئێران کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین بپارێزێت و چینیش ڕەتیدەکاتەوە هاوکاریی تارانی کردبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی 9ـی 2026، هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ ئەمریکا، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی "ترەمپ دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ شی بپارێزێت، بەڵام داتاکانی گومرگی ئێران شتێکی دیکە ئاشکرا دەکەن" بڵاوکردووەتەوە.

 بەپێی ڕاپۆرتەکە، داتاکانی گومرگی ئێران نیشانی دەدەن کە لەمساڵدا و تا مانگی حوزەیران، دامەزراوە چینییەکان نزیکەی ١٣٠٠ باریان لەو کەرەستانە ڕەوانەی تاران کردووە کە بەکارهێنانیان دووسەرەیە (سەربازی و شارستانی) و گەیشتوونەتە دەستی وەزارەتی بەرگریی ئێران.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو کەرەستانە بریتین لە ئامێری ئەلیکترۆنی، بزوێنەر، کەلوپەلی دیاریکردنی شوێن (GPS)، و پارچەی فڕۆکە کە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکدا بەکاردەهێنرێن.

 هەروەها کۆمپانیا چینییەکان کەرەستەی کیمیاییشیان بۆ ئێرانییەکان دابین کردووە کە لە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیدا بەکاردێن.

 ڕۆژنامەکە ڕوونیکردووەتەوە، ناردنی ئەم بارانە دوای ئەوە خێراتر بووە کە ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بازرگانیی دەریاییی ئێران، بە جۆرێک کۆمپانیای گواستنەوەی ئاسمانیی (ماهان ئێر) کە سزادراوە، گەشتە بارهەڵگرەکانی لە چینەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.

سەبارەت بە کاردانەوەکانیش، لە کاتێکدا ئەمریکا سزای بەسەر بەشێک لە کۆمپانیاکانی چین و هۆنگ کۆنگدا سەپاندووە بە تۆمەتی یارمەتیدانی ئێران، بەڵام ئیدارەی ترەمپ خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکین پاراستووە.

 ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بڕوای بە شی جینپینگ هەیە و گومانی لە قەبارەی هاوکارییەکانی چین بۆ ئێران دەربڕیبوو.

 لە بەرامبەریشدا، چین بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە پشتیوانیی لە هەوڵە سەربازییەکانی ئێران کردبێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دژی سزای تاکلایەنەی ئەمریکایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP