دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

هەواڵگریی مەسر 11 ڕۆژ پێش 7ـی ئۆکتۆبەر هۆشداریی دابووە ئیسرائیل

هەرێم نیوز 

گۆڤاری «دە ئەتڵانتیک»ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە کە عەباس کامل، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی مەسر، ١١ ڕۆژ پێش هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ سەردانی ئیسرائیلی کردووە و هۆشداریی داوە لە بوونی ئاماژەگەلێکی مەترسیدار سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە. 

بەپێی گۆڤارەکە، ئەم زانیارییانە لەلایەن چەندین بەرپرسی ئیسرائیلی، مەسری، عەرەبی، ئەمریکی و ئەوروپییەوە پشتڕاست کراونەتەوە کە دوای هێرشەکە ئاگاداری وردەکارییەکان کرابوون. 

هەرچەندە تساحی هانغبی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل و نووسینگەی بنیامین نەسنیاهۆ بەتەواوی ڕەتیان کردووەتەوە هیچ سەردان یان هۆشدارییەکی لەم شێوەیە هەبووبێت، بەڵام تۆمارەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی ئیسرائیل و داتاکانی بەدواداچوونی گەشتە ئاسمانییەکان سەلماندوویانە کە لە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا فڕۆکەیەکی تایبەت بە هەواڵگریی مەسر بۆ ماوەی ٦٧ خولەک لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن نیشتووەتەوە.

سەرچاوەکان بە گۆڤارەکەیان ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی ئەو سەردانە کورتەدا، عەباس کامل هۆشداریی داوە لەوەی دەرفەتی ڕێگریکردن لە کارەساتێک خەریکە لەدەست دەچێت، و پێشنیاری کردووە ئاسانکاریی ئابووری بۆ غەززە بکرێت بۆ ئەوەی پێش بە هەڵگیرسانی پێکدادان بگیرێت. 

یەکێک لە بەرپرسە پێشووەکانی ئیسرائیل ناوەڕۆکی پەیامەکەی کاملی بەم شێوەیە گواستووەتەوە: "ئەگەر ڕێڕەوەکەتان نەگۆڕن، ئەوا غەززە بە ڕووتاندا دەتەقێتەوە". 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر لەو ڕۆژەدا، نەسنیاهۆ بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا کردووە و دواتر ڕەزامەندیی لەسەر هەندێک ئاسانکاریی ئابووری داوە، هەرچەندە دیار نییە کە پەیامەکەی مەسر بە ڕاستەوخۆیی پێگەیشتووە یان ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل چۆن مامەڵەیان لەگەڵ هۆشدارییەکەدا کردووە، بەتایبەت کە پەیامەکە زانیاریی ورد و کاتی دیاریکراوی هێرشەکەی تێدا نەبووە.

سەرباری سەردانەکەی کامل، قاهیرە بەردەوام بووە لە ناردنی هۆشدارییەکان، بە جۆرێک لە ٥ی ئۆکتۆبەردا پەیامێکی تری ئاراستەی ئیسرائیل کردووە کە گوزارشتی لە نیگەرانییەکی بەپەلە دەکرد سەبارەت بە هێرشێکی چاوەڕوانکراو. 

ئەم بابەتە لەلایەن مایکڵ ماکۆڵ، سەرۆکی ئەوکاتی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە پشتڕاست کرایەوە کە ڕایگەیاندبوو مەسر هۆشداریی دابووە ئیسرائیلییەکان لە ڕووداوێکی لەو شێوەیە.

 لە هەمان کاتیشدا، دوو هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) لە کۆتایی مانگی ئەیلوول و سەرەتای ئۆکتۆبەردا ئەگەری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانیان لە غەززە خستبووە ڕوو، بەڵام نەیانتوانیبوو پێشبینیی ئەو هێرشە هەماهەنگ و فرەمیحوەرە بکەن کە حەماس ئەنجامیدا.

لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، هەریەک لە مەسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرقاڵی هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بوون لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن لەسەر مۆڵەتی کارکردن، دابینکردنی سووتەمەنی و کردنەوەی دەروازەکان.

 هەرچەندە ئیسرائیل دەروازەی ئیرێزی کردەوە و حەماسیش ناڕەزایەتییەکانی سەر سنووری کەمکردەوە، بەڵام دانوستانکاران دواتر گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە حەماس ئەم دانوستانانەی تەنیا بۆ کاتکوشتن و تەواوکردنی ئامادەکارییە سەربازییەکانی بەکارهێناوە.

 ئەم لێکدانەوە هەڵەیە بۆ نیازەکانی حەماس—کە گوایە نایەوێت بچێتە جەنگێکی فراوانەوە—بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی ئیسرائیلدا و داواکارییەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی زیاتر بوون، ئەو داواکارییەی کە نەسنیاهۆ تا ئێستا ڕەتی دەکاتەوە و دەیەوێت لیژنەیەکی سیاسی جێگەی بگرێتەوە، کە ئۆپۆزسیۆنیش بە توندی دژی دەوەستێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP