هەرێم نیوز
لە دوای ڕاگەیاندنی ڕەتکردنەوەی پێشنیازە حەوت ڕۆژییەکەی ئێران لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە، واشنتن بەردەوامە لە فشارخستنە سەر ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی کەرتەکانی دارایی و فڕۆکەوانی، هەروەها هاندانی وڵاتانی تر بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی هاوشێوە.
سزاکانی ئەمریکا و ناردنی شاندەکان
بێسێنت لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: واشنتن بە ڕێنمایی سەرۆک ترەمپ شاندی ڕەوانەی ناوچە جیاوازەکانی جیهان کردووە بۆ پەیوەندیکردن بە حکومەتەکان و داواکردن لێیان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی ڕژێمی ئێران. جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم هەوڵانە بەرهەمیان هەبووە و ئەنجامی ململانێکان بەلای واشنتندا دەشکێننەوە.
هەڵوێستی تاران لەبارەی دانوستان و گەرووی هورمز
لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی دانوستان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکانی نێوان وڵاتەکەی و ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، پێداگرن لەسەر پێشنیازەکەیان بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی هاتووچۆی کەشتیوانیی بازرگانیدا.
عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند: "چاوەڕێی دیدگای کۆتایی نێوەندگیرەکانین سەبارەت بە دوا پێشنیازمان. پەرچەکرداری ئەمریکامان لەسەر پێشنیازەکە بینیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکمان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەدەست نەگەیشتووە."
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونی کردەوە کە مەرجەکانی ئێران ڕوونن و هەر جوولەیەک بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنیانەوە، جەختیشی کردەوە کە دانوستان تاقە ڕێگایە بۆ دەربازبوون لەم بنبەستە سیاسی و سەربازییە.