دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا و مەرجەکانی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

سوپای ئێران هۆشدارییەکانی بۆ ئەمریکا سەبارەت بە دەستێوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز نوێ کردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر واشنتن دەستێوەردان بکات ڕووبەڕووی وەڵامی سەربازی دەبێتەوە.

وەڵامی سەربازی و تەکنیکی نوێی تاران
ئەبو فەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە ئاژانسی (ئیرنا) بڵاوی کردووەتەوە گوتی: "ئەمریکییەکان هرگیز ناتوانن دەست لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز وەربدەن، ئەگەر دەستێوەردان بکەن ڕووبەڕووی لێدانەکانی ئێمە دەبنەوە و زەبرێکی توند دەخۆن."

شکارچی ڕوونی کردەوە، هیچ کەشتییەک ئەگەر لە دەرەوەی ئەو ڕێڕەوەی ئێران دیاریکردووە تێپەڕ ببێت، ئەمنییەتی نابێت. هاوکات بانگەشەی ئەوەشی کرد، تاران تاوەکو ئێستا هێرشی نەکردووەتە سەر سەروەریی هیچ وڵاتێکی دراوسێ و وەڵامەکانی ئێران تەنیا بەرژەوەندی و ناوەندەکانی ئەمریکای لەو وڵاتانە کردووەتە ئامانج.
شکارچی باسی لە گەشەکردنی سوپای ئێران کرد و گوتی: "هێزە چەکدارەکانی ئێران ئێستا لە جاران بەهێزترن. ئەمجارە وەڵامی سەرسوڕهێنەرمان بۆ دوژمن هەیە و بە بەکارهێنانی تەکنیکە سەربازییە نوێیەکان وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئەگەری دەدەینەوە."

ڕێکار و هۆشدارییەکان بۆ خاوەن کەشتییەکان
دەستەی ئێرانی بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە خاوەن کەشتییەکانی ڕاگەیاند، نابێت ڕێگە بدەن کەشتییەکانیان بە زۆر بە ڕێڕەوی پەسەندنەکراودا تێپەڕ ببنی. هۆشداریشی دا، ئەم کارە لەوانەیە زیانی دارایی و گیانی بە کەشتییەکان، خاوەنەکانیان، کاپیتانەکان و ستافەکانیان بگەیەنێت، جگە لەوەی لە داهاتوودا سنووردارکردن بۆ تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا دادەنرێت.
ئەم دەستەیە لە هۆشدارییەکدا ئاشکرای کرد، ڕاپۆرتیان پێگەیشتووە هەندێک لە بەکرێگران، کەشتییەکان ناچار دەکەن بە ڕێڕەوی پەسەندنەکراودا تێپەڕ ببنی. جەختیشی کردەوە، لە ئەگەری سەلماندنی سەرپێچیی بەکرێگران، ناوی ئەو کۆمپانیایانە دەخرێتە لیستی سەرپێچیکاران و سنووردارکردن بۆ تێپەڕبوونی هەموو کەشتییەکانی ئەو کۆمپانیایانە بە گەرووی هورمزدا دادەنرێت.

هەڵوێستی ترەمپ و هەڵوێستە دیپلۆماسییەکان
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاند، پێشنیازە نوێکەی تاران قبووڵ ناکات و گوتی: "ئێران دەیەوێت ڕێککەوتن بکات و منیش دەمەوێت ڕێککەوتن بکەم، بەڵام ئەو پێشنیازە قبووڵکراو نییە." ترەمپ پێی وایە تاران بە داخستنی گەرووی هورمز خۆی خستووەتە داوێکەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی گەورەترین گەمارۆی لە مێژووی سەربازیدا خستووەتە سەر ئێران.
لای خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە مەرجەکانی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پاشگەز نابێتەوە و گوتی: "مەرجەکانی تاران ڕوونن و هەر هەنگاوێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە." ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی هەڵوێستی کۆتایی واشنتن دەکەن کە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێیان دەگات.

پلامی تاران بۆ دانوستان و داواکارییەکانی لایەنەکان
تاران پلانی نوێی بۆ ڕاگرتنی جەنگ و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی پێشکەش کردووە کە لە ساتەوەختی قبووڵکردنی لەلایەن واشنتنەوە دەست پێ دەکات.

ئەم پلانە چەند ڕێکارێکی دیاریکراو لەخۆ دەگرێت کە دەبێت لایەنی ئەمریکی جێبەجێیان بکات، لەوانەش هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران و ئازادکردنی بەشێک لە سەرمایە بلۆککراوەکانی دەرەوە.

گەرووی هورمز بووەتە تەوەرێکی سەرەکیی پێکدادانی نێوان واشنتن و تاران، بەتایبەت دوای ئەوەی ئازادیی هاتووچۆ لەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ڕەوتی جەنگ و دانوستانەکان. ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، نابێت ئێران کۆنترۆڵی ئەو ڕێڕەوانە بکات کە دەچنە سەر گەرووی هورمز، لەنێویاندا ئەو ڕێڕەوانەی بەناو خاکی عوماندا تێپەڕ دەبن، یان باج لەسەر ئەو کەشتییانە دابنێت کە بەکاریان دەهێنن. لە بەرامبەردا، ئێران داوا دەکات کەشتییەکان مۆڵەت وەربگرن و بەو ڕێڕەوە دەریاییەدا بڕۆن کە تاران پەسەندی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP