دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی دابینکردنی نەوتی سپیی ماڵان لە گفتوگۆدان

هەرێم نیوز

گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دابینکردنی نەوتی سپیی ماڵان دەستی پێکردووە، و لە ئەگەری نەناردنی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات لەسەر ئەرکی خۆی نەوت لە بازاڕ بکڕێت و بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی 9ـی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەمساڵ، هەرێم پێویستی بە 268 ملیۆن و 710 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی هەیە بۆ ئەوەی بڕی 200 لیتر (یەک بەرمیل) بەسەر یەک ملیۆن و 343 هەزار و 553 خێزاندا دابەش بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوای نزیکەی 538 ملیۆن لیتر نەوتی لە بەغدا کردووە، بە مەبەستی ئەوەی بۆ ئەم زستانە دوو بەرمیل نەوت بە هەر خێزانێک بدرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکومەتی فیدراڵی بەفەرمی وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە.

هەر بۆیە، لە ئەگەری دابیننەکردنی بەشە نەوتەکە لەلایەن بەغداوە، وەزارەتەکە نووسراوی فەرمیی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ تەرخانکردنی شایستەی دارایی، تاوەکوو نەوت لە بازاڕ بکڕن و بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی بکەن.

سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕوونیشیکردووەتەوە، کە تاوەکوو ئێستا پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەستی پێ نەکردووە، بەڵام بڕیارە لە مانگی 10ـدا پرۆسەکە لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێبکات.

سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنەکەش، ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەکە سەرەتا ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، پاشان دەوروبەری شارەکان، و دوای تەواوبوونی ئەوانیش لە سەنتەری شارەکاندا دابەش دەکرێت. بڕیاریشە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بابەتی دابینکردنی نەوت بەتەواوی یەکلا بکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP