دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

زلێنسکی: کۆریای باکوور ١٠ هەزار سەرباز بۆ پشتیوانیکردنی ڕووسیا دەنێرێت

هەرێم نیوز

زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، کۆریای باکوور لە ئێستادا سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانە بە ۱۰ هەزار سەربازی دیکەی سوپاکەی بۆ مەبەستی پشتیوانیکردنی هێزەکانی مۆسکۆ لە جەنگی دژی ئۆکرانیا ڕەوانەی خاکی ڕووسیایان بکات.

کۆبوونەوەی سەربازانی کۆریای باکوور لە ڕووسیا
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە هەشت هەزار سەربازی کۆریای باکوور لەسەر خاکی ڕووسیا جێگیر کراون، کە زۆربەیان لە ناوچەی "کۆرسک"ن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا. هاوکات ۱۰ هەزار سەربازی دیکە لە پیۆنگ یانگ هەڵبژێردراون و مەشقی سەربازییان پێ دەکرێت تا لە قۆناغی دووەمدا بنێردرێنە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ.

هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی کیێڤ و سیئۆل ئاماژە بەوە دەکەن، لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا کۆریای باکوور لە نێوان ١٤ بۆ ١٥ هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە.

پاداشتی مۆسکۆ و دروستکردنی درۆن
ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی ئاشکراشی کرد، مۆسکۆ لە بەرامبەر ئەم پشتیوانییە سەربازییەدا بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی سەربازی پاداشتی پیۆنگ یانگ دەداتەوە، بە جۆرێک بە هاوکاریی تەکنیکیی ڕووسیا هێڵی بەرهەمهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراوی "شاهید" لە ناوخۆی کۆریای باکووردا دامەزراوە.

ڕاستەوخۆ بەشداربوونی پیۆنگ یانگ لە جەنگەکەدا
زلێنسکی لە لێدوانەکانیدا باسی لەوەش کرد: "کۆریای باکوور بە کردەیی بووەتە هاوبەشێکی ڕاستەوخۆی جەنگ لە دژی خاکی ئێمە، ڕووسیا بە تەکنەلۆجیای درۆن و چەکی پێشکەوتوو باجی ئەم هاوکارییە مرۆییە دەداتەوە، بۆیە داوا لە هاوبەشەکانمان و بەتایبەت کۆریای باشوور دەکەین سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوومان بۆ دابین بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشەیە."

گرژییە دیپلۆماسییەکانی کیێڤ و سیئۆل
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ دروستبوونی گرژیی دیپلۆماسی لە نێوان کیێڤ و سیئۆل، دوای ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە دوو سەربازی بەدیلگیراوی کۆریای باکووریان ڕادەستی کۆریای باشوور کردووە؛ ئەمەش نیگەرانیی سیئۆلی لێ کەوتەوە بەهۆی شکاندنی ڕێککەوتنی نهێنیی هێشتنەوەی ئەو پرۆسەیە.

هاوپەیمانیتیی سەربازیی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ لە دوای واژۆکردنی پەیماننامەی بەرگریی هاوبەش پەره‌سەندنی بێپێشینەی بەخۆیەوە بینیوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP