هەرێم نیوز
شەوی ڕابردوو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز کرد و سەرجەم سەرکردەکانی دووپاتیان لەوە کردەوە کە ٣٠ی حوزەیرانی داهاتوو دوا وادەیە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بۆ چارەسەری دۆسیەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، هاوکات داوایان کرد هەمووان پابەندی بڕیارەکان بن.
تاوتوێکردنی پێشهاتەکان لە تەلاری حکوومەت
لە ڕاگەیەندراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگی کە درەنگانی شەوی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە هاتووە، لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە تەلاری حکوومەت بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی دوای قۆناغی "ڕۆژی سەروەری" ئەنجام درا، ئەمەش بە وێستگەیەکی گرنگی فراوانکردنی سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق هەژمار کرا.
بەردەوامیی کاری لیژنەی چەکداماڵین
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بە پێویستیان زانی کارەکانی لیژنەی چەکداماڵینی میلیشیاکان بەردەوامیی هەبێت و پێویستیشە دۆخی ئەمنی و دامەزراوەیی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا بە تەواوی بەهێز بکرێت.
پێشوازی لە ڕەزامەندیی گرووپە چەکدارەکان بۆ ڕادەستکردنی چەک
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکانی بە ڕازیبوون بە ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە بایەخەوە ناوبرد و دووپاتی کردەوە کە ئەمانیش بەرپڕسیارن بەرامبەر بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و ئەمەش دێننە دی.