دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

میلیشیاکانی عێراق چەکەکانیان بۆ شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا ئامادە دەکەن

هەرێم نیوز

تەپڵی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەنگەربەندیی بەغدا؛ چۆن گرووپە چەکدارەکان دەچنە بەرەی بەرگری لە تاران؟ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان لە شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان لە بەغدا ئاشکرای دەکەن کە بەشێک لە فەسیلە چەکدارەکانی عێراق کەوتنەتە دۆخی ئامادەباشی و خۆسازدانی مەیدانی بۆ بەشداریکردن لەم شەڕە نوێیەدا بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە تاران.

بەپێی زانیاری و هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکان، سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە جەنگێکی ئیقلیمی و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان—بە تایبەت ئەوانەی ڕاستەوخۆ بەندکراون بە بڕیار و ستراتیژییەکانی ئێرانەوە وەک «کەتائیبی حیزبوڵڵا» و «بزووتنەوەی نوجەبا»—ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران، دەستبەجێ بەشداری لە جەنگەکەدا دەکەن.

ئەم خۆسازدانەی گرووپە چەکدارەکان لە چەند تەوەرێکدا خۆی دەبینێتەوە: ئامادەکردنی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و درۆن: هێزە چەکدارەکان تۆڕی مووشەکیی دوورمەودا و درۆنە ئینتحارییەکانیان خستووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە بۆ لێدانی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئامانجە ستراتیژییەکان لە ناو شەڕدا دژ بە قووڵایی ئیسرائیل.

ڕەتکردنەوەی مەرجەکانی چەکداماڵین: لە کاتێکدا حکومەتی بەغدا پێداگری لەسەر سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەکات، ئەم گرووپانە ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەم جەنگەدا وەک بیانوویەک بۆ هێشتنەوە و کارپێکردنی چەکی قورس بەکاردەهێنن. ئەگەری کردنەئامانجی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان: هۆشداری دراوە کە ئاستی وەڵامدانەوەی ئەم گرووپانە لە کاتی شەڕدا ڕەنگە تەنها لە سنووری سەربازیدا نەمێنێتەوە، بەڵکو دامەزراوەکانی نەوت و وزە و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج.

شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن کە هەر شەڕێکی نوێ لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، عێراق دەکاتە گۆڕەپانی سەرەکیی تەقینەوەی پێکدادانەکان، بە جۆرێک بڕیاری ئۆپەراسیۆنیی میلیشیاکان لە کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق دەردەچێت و تەواوی هاوسەنگییە ئەمنییەکانی وڵات بەرەو قۆناغێکی نادیار دەبات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP