هەرێم نیوز
هۆشدارییەکی بێپێشینە لە دیپلۆماسیی ئەمریکاوە؛ بۆچی نێردەی ترەمپ بڕوای وایە ئیسرائیل بەرەو داڕمانی ناوخۆیی هەنگاو دەنێت؟
تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، لە لێدوانێکی دەگمەن و چاوەڕواننەکراودا هۆشدارییەکی توندی دا و ڕایگەیاند کە سەرەڕای باڵادەستیی تەکنەلۆجی و توانستە تاکتیکییەکانی، ئیسرائیل لە ڕووی ستراتیژییەوە بەرەو «داڕمان لە ناوەوە» هەنگاو دەنێت؛ دەستەواژەیەک کە دوو جار لەسەریەک دووپاتی کردەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر مەترسیی دۆخەکە.
لێدوانەکانی باراک لە میانی بەشداریکردنی بوو لە بەرنامەیەکی «پۆدکاست» لەگەڵ ڕۆژنامەنووس ماریۆ نۆڤل، کە کەسایەتییەکی نزیکە لە ئیلۆن مەسک.
نێردەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیلییەکان زۆر لێهاتوو و بەتوانان و بە «خراپەکار» ناوزەندیان ناکات، بەڵکو پێیوایە هەڵسوکەوتەکانیان بەهۆی ئەوەوەیە کە وای دەبینن لە پێناو پاراستنی مانەوەی خۆیاندا تێدەکۆشن.
باراک ڕاشیگەیاند کە خۆی بە «باشترین هاوڕێی ئیسرائیلییەکان» لە ناوچەکەدا دەزانێت و بەردەوام هەوڵ دەدات سەرکردە عەرەبەکان ڕازی بکات بەوەی تاکە ڕێگەچارە لە کۆتاییدا بریتییە لە «هاوپەیمانێتی و لێکنزیکبوونەوە» لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا، پێشاشی وایە کە خودی ئیسرائیلییەکانیش لەم ڕاستییە تێگەیشتوون.
ئەم بۆچوونانەی نێردەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک هەڵوێستی پێشتری کە لە نێو کۆمارییەکان و بازنە پارێزگارەکاندا کاردانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە؛ لەوانەش ڕەخنەگرتنی دوو سیناتۆری کۆماری دوای لێدوانەکانی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، کە تێیدا ڕایگەیاندبوو ژیرانەترین هەنگاو بۆ ئیسرائیل ئەوەیە کە باوەش بۆ تورکیا بکاتەوە و لێی نزیک ببێتەوە.
لە بەرامبەردا، میدیا ئیسرائیلییەکان و لە نێویاندا پێگەی «وای نێت»ی سەر بە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ئاشکرایان کردووە کە لێدوانەکانی تۆم باراک شەپۆلێکی فراوانی تووڕەیی لە نێو ئیدارەی ترەمپدا دروستکردووە.
بەپێی سەرچاوەکان، لە ئێستادا بەرپرسانی ئیدارەکە تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا ناوبراو بانگهێشتی واشنتن بکرێتەوە یاخود نا، هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلیش بە توندی ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەم نێردەیەی ترەمپ لەگەڵ دۆسیە هەستیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرتووە.