دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

هێمن هەورامی: هەوڵەکانی هەموارکردنی دەستوور فیدراڵییەتی هەرێم دەكاتە ئامانج و ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ سزایە بۆ کوردستان

هەرێم نیوز

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چوارەمین دیداری گوڵەخانە چەندین پرسی گرنگی سەبارەت بە دۆخی سیاسی، پرسی فیدراڵی، هەموارکردنی دەستوور و بودجەی عێراق خستە ڕوو و هۆشداریی دا که مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە.

مەترسییەکانی سەر فیدراڵیەت و هەموارکردنی دەستوور
هێمن هەورامی لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد که ڕەنگە ئێستا دەنگێک هەبێت پێیوابێت بەهێزیی کوردستان بەند نییە بە بەهێزیی قەوارە فیدراڵییەکەی، جەختیشی کردەوە که ئەو هەوڵانەی ئێستا بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق هەیە، فیدراڵییەتی هەرێمی کوردستان دەكاتە ئامانج. ناوبراو سەبارەت بە پرسی مادەی ١٤٠ـش ڕایگەیاند که خەڵکی هەرە گەورە ئێستا لە عێراق باس لەوە دەکەن کە مادەی ١٤٠ نەماوە.

ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ وەک سزایەک بۆ هەرێم
لە تەوەرێکی ئابووریی دیدارەکەدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی تیشکی خستە سەر پرسی بودجە و ڕایگەیاند: "خراپترین ئەو ڕەشنووسانەی بودجە کە لە مێژووی عێراق نووسراوە، ئەو ڕەشنووسەیە کە ئێستا بۆ بودجەی ٢٠٢٧ ئامادە کراوە، و ئەوەی دانراوە سزایە بۆ هەرێمی کوردستان."

پێویستیی یەکڕیزی و بەشداریکردن لە ناوچە دابڕاوەکان
سەبارەت بە هەڵبژاردن و پێگەی کورد، هەورامی ئاماژەی بەوەکرد؛ که هەڵبژاردن بۆ کراوە لە هەرێمی کوردستان و ئێمە پێمانوایە دەبێت ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگیرێت.

هەروەها ئاشکرای کرد پارتی لەگەڵ ئەوەدا بوون کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە یەک لیستی کورستانی لە ناوچە دابڕاوەکان بەشداری بکەن.

هەنگاوەکانی داهاتوو و کارابکردنەوەی دامەزراوەکان
لە کۆتایی گوتەکانیدا، هێمن هەورامی جەخت لەسەر دوو خاڵی سەرەکی کردەوە: یەکەم، پێویستە دامەزراوە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کارابكرێنەوە؛ دووەم، پێویستە هاوپەیمانییەک لە ناو لایەنە كوردستانییەکان لە بەغدا دروست بكرێت بۆ رووبەڕووبونەوەی هەمواری دەستوور و بودجە و ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP