دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

رێبەر ئەحمەد: دەبێت ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال لاببرێن

هەرێم نیوز

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە کێشەکانی خەڵکی قەزاکە بهێنرێت و ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی 10ـی 2026، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستووەتە سەر دۆخی شنگال و پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان. وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، دوای کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە خاکی عێراق لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێنا، و هەرێمیش بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی.

سەبارەت بە ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە، ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێشمەرگە لە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعشدا توانیویەتی بەشێکی بەرفراوانی ناوچەکان کۆنترۆڵ بکاتەوە. ڕوونیشیکردەوە، دوای ١٠٠ ڕۆژ لە گەمارۆدانی شنگال، هێزەکانی پێشمەرگە توانیان قەزاکە کۆنترۆڵ بکەنەوە، کە لەو پێناوەشدا زیاتر لە ٥٠٠ پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و سێ هەزاری دیکەش بریندار بوون.

هاوکات جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی نێوان کورد، عەرەب و تەواوی پێکهاتەکانی نەینەوا کردەوە و هۆشداریی دا لەوەی دەبێت ڕێگری لە گرووپە چەکدارەکان بکرێت کە پێگەیەک لەو سنوورەدا دروست بکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، هێشتا ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ کرابوو. هەروەها داوای لە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا کرد هاوکار بن لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، و ئاشکراشی کرد کە پێشکەوتنی بەرچاو هەیە لە دانوستانەکاندا بۆ دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە زەمینەی گەڕانەوەی ئاوارەکان فەراهەم ببێت و حکومەتی فیدراڵیش هەنگاوی کرداری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بنێت.

ڕێککەوتنی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و کارگێڕیی قەزاکە و دەرکردنی سەرجەم هێزە چەکدارەکان لە ناوچەکە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ، بەهۆی ململانێی هێزە جیاوازەکان و ئاڵۆزییە ناوخۆیی و هەرێمییەکانەوە، تاوەکو ئێستا بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بەتەواوی جێبەجێ نەکراون، کە ئەمەش بووەتە هۆی مانەوەی هەزاران ئاوارەی ئێزیدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە.

 
 
 
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP