هەرێم نیوز
دوو بەرپرسی باڵای ئەمنیی ئێران بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ـیان ڕاگەیاند که تاران پلانی وردی بۆ بەئامانجگرتنی کێبڵە پەیوەندییەکانی ژێر دەریا لە کەنداو ئامادە کردووە، کە ئەگەری هەیە لە حاڵەتی هێرشکردنەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بخرێنە باری جێبەجێکردنەوەوە.
وێنەی گەورە و وردودرشتی پلانەکە
دوو بەرپرسە باڵا ئەمنییەکەی ئێران، کە نەیان ویستووە ناویان ئاشکرا بکەن، هیچ وردەکارییەکیان سەبارەت بە شوێن و شێوازی ئەنجامدانی ئەم هێرشانە نەخستە ڕوو، بەڵام یەکێکیان ڕایگەیاند که ڕەنگە ئێران ڕێگری لە چاککردنەوەی کێبڵە زیانپێکەوتووەکانیش بکات بۆ ئەوەی پچڕانی پەیوەندییەکان بەردەوام بێت و لەوانەش هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە کار بکەوێت.
هۆشداریی توند و تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکان
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەیان، یەکێک لە بەرپرسەکان هۆشداریی دا که لە ئەگەری هێرشکردنەوەی سەر ئێران، "ئیتر هیچ هێڵێکی سوور نامێنێت" و ئامانجەکان لە کێبڵەکانی ژێر دەریاوە تا بنکە سەربازییەکان، لەوانەش بنکە نهێنییەکان، دەگرێتەوە.