دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

د. شاخەوان عەبدوڵڵا: بۆ ڕێگریکردن لە بەتاڵانبردنی زەوییە خزمەتگوزارییەکان لە کەرکووک، ڕێکاری فەرمیمان گرتووە بەر

هەرێم نیوز

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند که بۆ ڕێگریکردن لە زیادەڕۆیی و بەتاڵانبردنی زەوییە خزمەتگوزارییەکان لە گەڕەکی جنگلاوە و گوندی علیاوە لە شاری کەرکووک، نووسراوی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکوەزیران و دەستە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ ڕاگرتنی پڕۆژە نایاسایییەکان.

بەدواداچوون بۆ کێشەی زەوییە خزمەتگوزارییەکانی جنگلاوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند کە لە دوای گەیشتنی سکاڵای هاووڵاتییانی گەڕەکی (جنگلاوە) سەبارەت بەوەی پارچەزەوییەکی خزمەتگوزاری دراوە بە وەبەرهێنان، نووسراوێکی فەرمییان ئاراستەی سەرۆکوەزیران، دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پڕۆژەیە بکەن؛ دواتریش نووسینگەی سەرۆکوەزیران نووسراوەکەی ئاراستەی ئەمینداری گشتی کردووە و ئەوانیش ئاراستەی پارێزگای کەرکووکیان کردووە بە مەبەستی ڕاگرتنی.

هەڵوێست لەسەر پڕۆژەکانی سەر زەویی ماددەی ١٤٠ و دۆسیەی علیاوە
د. شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی کردەوە که بەرامبەر بەردەوامیی ئەو پڕۆژەیە و هەر پڕۆژەیەکی تر لەسەر زەویی ماددەی (١٤٠) هەموو ڕێکارێک دەگرنە بەر، هاوکات لەسەر کێشەی گوندی "علیاوە"ـش نووسراوی فەرمیی ئاراستەی هەمان لایەنەکان کردووە و لەسەر نووسراوەکەیان، دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی، دەستەی وەبەرهێنانی کەرکووکی بۆ ڕاگرتنی بابەتەکە ئاگادار کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا که پێشتریش لێژنەی ماددەی (١٤٠) لەسەر نووسراوی ئەوان داوای کردووە تەواوی ئەو پڕۆژانەی دەکەونە سەر زەویی ماددەی ١٤٠ ڕابگیرێن، و دڵنیاییشی دایە هاووڵاتییان کە هەر داواکارییەکیان بگاتە دەستیان وەک فراکسیۆنی پارتی بەدواداچوونی بۆ دەکەن و هەمیشە لەگەڵ داواکارییە ڕەواکانیاندا دەبن.

(شایەنی باسە، ماوەیەکە لە شاری کەرکووک بە ناوی وەبەرهێنانەوە شەپۆلێکی نوێی تەعریب جێبەجێ دەکرێت، بە جۆرێک زەوی، موڵک و ماڵی هاووڵاتییانی کورد بە ناوی زیادەڕۆیی دەڕووخێنرێن و دەدرێنە وەبەرهێنەرانی سەر بە نەتەوەیەکی دیکە).



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP