دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

تیمی ترەمپ دەیانەوێت سەرۆک وەزیرانێکی نوێ لە ئیسرائیل دەسەڵات بگرێتە دەست

هەرێم نیوز

سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتیی خۆی بۆ بێنیامین ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، بەڵام بەرپرسان و ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی پێیانوایە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بەبێ ناتانیاهۆ، دەرفەتێکی باشتر دەڕەخسێنێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، کە سەرەڕای پاڵپشتیی ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ بۆ هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، بەڵام ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی ئەمریکا دەخوازن کەسێکی دیکە حکومەتی ئیسرائیل پێکبهێنێت.

یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی ترەمپ سەبارەت بە تێڕوانینی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناتانیاهۆ ڕایدەگەیەنێت، کە ئەو وەک "شەیتانێکی ناسراو" دەیبینێت، چونکە ترەمپ پێشتر لەگەڵ هیچ سەرۆک وەزیرانێکی دیکەی ئیسرائیل کاری نەکردووە و ئەگەر کەسێکی دیکەش دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا ناچارن پەیوەندییەکی باش لەگەڵ کۆشکی سپی دروست بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، زۆرێک لە ڕاوێژکارە نزیکەکانی ترەمپ دژی ئەو بڕیارە بوون کە پاڵپشتیی ناتانیاهۆ بکرێت. لەو چوارچێوەیەشدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕەتیکردەوە پاڵپشتیی ناتانیاهۆ بکات و لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کە ئەو نە هێرش دەکاتە سەر ناتانیاهۆ و نە پاڵپشتیشی دەکات.

ڤانس و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکە، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە لە ناتانیاهۆ بێهیوا بوون و پێیانوایە هەڵسەنگاندنەکانی پێش جەنگ کە دابوویە کۆشکی سپی، هەڵە بوون، ئەمەش گومانی دروستکردووە کە ئایا ناتانیاهۆ هێشتا باشترین هاوبەشە بۆ ناوچەکە یان نا.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، تیمی ترەمپ لەسەر چەندین پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناتانیاهۆ نیگەران بوون. ستیڤ ویتکۆف و جارێد کۆشنەر لە سستبوونی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی غەززە بێزارن، و تۆم باراک، نێردەی ترەمپ نیگەرانە لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە سووریا.

لە هەمان کاتیشدا مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرەڕای پەیوەندییە باشەکەی لەگەڵ ناتانیاهۆ، داوا دەکات ئیسرائیل زیاتر کار بۆ بەهێزکردنی حکومەتی لوبنان بکات و نیگەرانیشە لە ڕێگرینەکردن لە هێرشی جولەکە نیشتەجێبووەکان بۆ سەر فەڵەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا. لەم بارەیەشەوە ئانا کێلی، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی هەڵبژاردن، سێ کەناڵی سەرەکیی تەلەڤزیۆنیی ئیسرائیل ڕاپرسییەکانیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەریدەخەن هاوپەیمانییەکەی ناتانیاهۆ تەنیا ٥٠ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسیی پەرلەمان (کنێست) بەدەست دەهێنێت و پارتەکەی خۆشی (لیکود) تەنیا ٢٠ کورسی دەبات.

لە بەرامبەردا، بلۆکی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت پێشبینیی ٥٢ بۆ ٥٦ کورسییان بۆ دەکرێت. ئەم ئەنجامانە ئاماژەن بۆ چەقبەستووییەکی سیاسی، چونکە هیچ لایەک ناتوانن ٦١ کورسیی پێویست مسۆگەر بکەن، کە ئەمەش ئەگەری هەیە ئیسرائیل بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکە ببات و ناتانیاهۆ وەک سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر بمێنێتەوە.

هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئامانجی سەرەکیی واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی مێژووییە لە نێوان ئیسرائیل و سعوودیە لەگەڵ یەکلاکردنەوەی جەنگی ئێران.

لاوازبوونی پێگەی ناتانیاهۆ و سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێی سیاسی لە ئیسرائیل، دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم خێرایی جێبەجێکردنی ئەو پلانە دیپلۆماسییانەی کە واشنتن دەیەوێت بە زووترین کات لە غەززە و لوبنان و تەواوی ناوچەکەدا بیچەسپێنێت.

 
 
 
 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP