دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

لە نێوان ئاگری تاران و سەرمای زستاندا»؛ کاتێک تەپڵی جەنگی تاران ئەوروپا لەبەردەم ساردترین زستاندا ڕادەگرێت

هەرێم نیوز

تەنگژەی وزە لە ئەوروپا بەهۆی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە؛ لە بازدانی نرخەکانەوە بۆ ئەگەری گەڕانەوە بۆ باوەشی مۆسکۆ کیشوەری ئەوروپا کەوتووەتە ژێر گەمارۆیەکی سەختی نرخی وزە و لێکەوتە داراییەکانی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (شەڕی ئێران)، بەجۆرێک نرخی گازی سروشتی لە بازاڕەکانی ئەوروپادا بە ڕێژەی نزیکەی ١٤٠٪ بەرزبووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، نرخی کارەبا لە ناوەڕاستی ئەوروپا بە ڕێژەی زیاتر لە ٦٠٪ بازدانی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، یەکێتیی ئەوروپا لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی پەیوەست بە ئێرانەوە، تێچوویەکی زۆری لە ئەستۆ گرتووە کە بە نزیکەی ١٠٦ ملیار یۆرۆ وەک زیانی ڕاستەوخۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە دەخەمڵێنرێت. ئەم بارگرانییە داراییە نەبووەتە هۆی ناڕەزایەتیی شەقام بە تەنها، بەڵکو درزی گەورەی لە نێوخۆی یەکێتییەکەدا دروستکردووە؛ وڵاتانی وەک هەنگاریا و سلۆڤاکیا داوایان لە برۆکسل کردووە نەرمی بنوێنێت لە پرۆسەی دەستبەرداربوون لە گازی ڕووسیا و مۆڵەتی زیاتریان پێبدرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧. لە لایەکی ترەوە، مۆسکۆ ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ زیادکردنی هەناردەی وزە بۆ ئەوروپا بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەلێنەکان.

بەڵام گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین پێشهات لە واشنتنەوە هات، کاتێک ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی ئەمریکی و ڕووسی وتووێژیان دەربارەی ئەگەری بەشداریکردنی وەبەرهێنەرێکی ئەمریکی لە پرۆژەی بۆریی گازی «نۆرد ستریم»دا ئەنجامداوە، کە پێشتر گازی ڕووسیای ڕاستەوخۆ دەگەیاندە ئەڵمانیا.

سەرەڕای ئەوەی وتووێژەکان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێکی کۆتایی، بەڵام ئەم هەنگاوە دەرگای بەڕووی پرسیارێکی گەورەی ستراتیژیدا کردووەتەوە: ئایا ئەوروپا ناچار دەبێت لە ژێر باری قورسی ئابووریدا و بە هاوبەشیی ئەمریکا جارێکی دیکە پەنا بۆ وزەی ڕووسیا بباتەوە؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP