دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

ملیۆنێک دۆلار پاداشت بۆ ئاشکراکردنی ساختەکاری»؛ ترەمپ کەشوهەوای هەڵبژاردنی کۆنگرێس دەشڵەژێنێت و کۆمارییەکان لەبەردەم مەترسیی لەدەستدانی زۆرینەدان

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، تەرخانکردنی پاداشتێکی دارایی بە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری ڕاگەیاند بۆ هەر کەسێک کە زانیاری لەسەر پرۆسەکانی ساختەکاریی هەڵبژاردن بدات، بە مەرجێک زانیارییەکان ببنە هۆی دەستگیرکردن و سزادانی تاوانباران؛

ئەم بڕیارەش تەنها یەک هەفتە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا دێت. ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «تروس سۆشیاڵ» نووسیویەتی:

«هەر کەسێک هەواڵ لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو یان هەڵبژاردنی نیوەی خولی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٦ بدات، دوای دەستگیرکردن و سەلماندنی تاوانەکەیان بەسەر ئەنجامدەراندا، یەک ملیۆن دۆلار پاداشت وەردەگرێت».

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندنە، ئیدارەی ترەمپ ڕێکاری توندی بۆ چاودێریکردنی بنکەکانی دەنگدان گرتووەتەبەر و گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر دەسەڵاتی ویلایەتەکان بۆ بەدەستهێنانی داتای ناونووسینی دەنگدەران، ئەمەش بە بیانووی پاراستنی پاکێتیی پرۆسەکە و گێڕانەوەی متمانەی گشتی بۆ دەنگدان. لە بەرامبەردا، ئەم ڕێکارانە شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتیی لەلایەن شارەزایانی یاسایی، سیاسی و بەرپرسانی هەڵبژاردن لە هەردوو حزبی دیموکرات و کۆماری لێکەوتووەتەوە؛

نەیارانی ئەم هەنگاوە پێیان وایە کە دەستێوەردانەکانی کۆشکی سپی بەزاندنی ئاشکرای دەسەڵاتە دەستوورییەکانی حکومەتی فیدراڵییە بەسەر ویلایەتەکاندا. لە هەمان کاتدا ئاژانسی «ڕۆیتەرز» لەسەر زاری بەرپرسانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بڵاویکردووەتەوە کە ئەوان خۆیان بۆ ئەگەری دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی فیدراڵی لە پرۆسەی دەنگدان و جیاکردنەوەی دەنگەکان ئامادە دەکەن.

لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە بیرەوەریی ناڕەزایەتییەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ و ڕووداوەکانی پەلاماردانی باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ زیندوو دەکەنەوە. هاوکات کۆمارییەکان لە شەڕێکی سەختی هەڵبژاردندان بۆ پاراستنی ئەو زۆرینە کەمەی کە لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرۆزدا هەیانە؛

بەپێی نوێترین ڕاپرسییە گشتییەکان، کۆمارییەکان ڕووبەڕووی بەربەستی قورس بوونەتەوە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی جەماوەریی ترەمپ و نیگەرانیی قووڵی دەنگدەران لە بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی و گرانیی سوتەمەنی، کە وەک لێکەوتەی ڕاستەوخۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لێکدەدرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP