دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

لەفەیسبووک پیاوانی ھەڵدەخەڵەتاند و دەستگیرکرا

هەرێم نیوز

بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، لە دوو چالاکیی جیاوازدا، دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و هەڕەشەکردن دەستگیر کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەقیدی پۆلیس سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ڕایگەیاند که کەسێک لە قەزای کەلار بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە دەستگیر کراوە.

زیاد لەوەش، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی گەرمیان تۆمەتبارێکی دیکەی دەستگیر کرد کە دانیشتووی شارۆچکەی هەریرە و بەپێی مادەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.

 وتەبێژی پۆلیس ڕوونی کردەوە کە تۆمەتبار لە ڕێگەی هەژمارێکی ساختەی فەیسبووکەوە بە ناوی (Bexall Jamal) خۆی وەک ئافرەت ناساندووە، پیاوانی هەڵخەڵەتاندووە و پاشان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانیانی لێ کردوون و لە بەرامبەر سڕینەوەیاندا پارەی لە چەندین کەس وەرگرتووە.

لە ئێستادا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 لە کۆتاییدا، پۆلیسی گەرمیان داوای لە هاووڵاتییانی سنوورەکە کرد که هەر کەسێک لەلایەن ئەو هەژمارە ساختەیەوە هەڵخەڵەتێنراوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP