دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی دیکە بۆ مانگی کانوونی یەکەم دواخرا

هەرێم نیوز
⠀
لەسەر داواکاریی تیمی پارێزەران، دانیشتنی دادگای تاوانەکانی سلێمانی بۆ دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و ڕاگیراوانی دیکەی دۆسیەی ڕووداوەکەی لالەزار دواخرا و وادەیەکی نوێی بۆ دیاری کرا.
⠀

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی 10ـی 2026، دانا تەقییەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەکە ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری داوە دانیشتنی داهاتووی دادگاییکردنەکە بۆ ڕۆژی ١٦ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٦ دوا بخات.
⠀
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە لە ١٥ـی ئەم مانگەدا و دوای هەشت دانیشتن، دادوەرانی دۆسیەکە بەپێی ماددەی ٥٦ـی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە ڕێککەوتن بۆ ئەنجامدانی تاوان، بڕیاری سزادانیان بەسەر لاهوور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سەپاند.
⠀
هەر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەدا پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و ڕێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران، هاوکات هەشت کەسی دیکەش بە ماوەی جیاواز سزادران و دوو تۆمەتباریش بە بێتاوان ناسێنران.
⠀
ڕووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥، کە تێیدا پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە بەرەی گەل ڕوویدا و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەندین کەس لە هەردوولا و دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەیان کەسی دیکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP