هەرێم نیوز
محەمەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووریی عێراق ڕایگەیاند کە تەنانەت لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزیشدا، هیچ دواکەوتنێک لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەراندا ڕوونادات، و جەختی کردەوە کە شایستە دارایی و مووچەی تەواوی ساڵی ٢٠٢٧ بە تەواوەتی مسۆگەر کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی 11ـی 2026، لە میانی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "العراقیة الإخباریة"، محەمەد تەمیم پەیامێکی دڵنیاکەرەوەی ئاراستەی شەقامی عێراقی کرد و ڕایگەیاند، لێکەوتەکانی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز نابنە ڕێگر لەبەردەم پێدانی مووچە، بەوپێیەی پلانی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی نەختینە داڕێژراوە.
سەبارەت بە هەنگاوە ستراتیجییە دارایییەکانی بەغدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وزاریی ئابووری ئاشکرای کرد کە "سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدانی دەرەکی" خراوەتە چوارچێوەی سەرچاوەکانی "سندوقی نەوەکان"، و بڕیارە بڕێکی زۆر لە سەرمایە، دارایی و موڵک و ماڵ بۆ ئەم سندوقە نوێیە بگوازرێتەوە تا لە ساڵی یەکەمی کارکردنیدا دەست بە چەندین پڕۆژەی وەبەرهێنانی قازانجدار بکات.
محەمەد تەمیم ئاماژەی بەوەش کرد کە سندوقی نەوەکان خاوەنی یاسایەکی تایبەت و سەربەخۆ دەبێت لە سەرجەم دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت، بە مەبەستی پاراستنی دارایی گشتی و بەکارهێنانی داهاتەکان بۆ دابینکردنی سەقامگیریی ئابووری لە ئایندەی وڵاتدا.