هەرێم نیوز
ڕۆژنامەنووسێکی دیاری ئەمریکی ئاشکرای کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و حکوومەتەکەی لە ژێر گوشاری توندی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تاوتوێی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی دژی ئامانجێک لە ئێران دەکەن.
چیای فاس و ئەستەمیی تێکشکاندنی وێستگەکە
تاکەر کارلسۆن، ڕۆژنامەنووسی دیاری ئەمریکی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، لە ژێر گوشاری زۆری ناتانیاهۆ، حکوومەتی ترەمپ لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەگەری هەیە بە بۆمبی ئەتۆمی بۆردومانی ئێران بکات.
کارلسۆن ئاماژەی بەوە داوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم بۆردومانە بریتییە لە چیای "فاس"، کە وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئێران لە ژێر ئەو چیایەدا بوونی هەیە و پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستێکی بەرز تێیدا بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو ڕوونی کردووەتەوە، هیچ جۆرە چەکێکی ئاسایی جیا لە بۆمبی ئەتۆمی بوونی نییە کە بتوانێت بگاتە ئەو وێستگە ئەتۆمییەی کە لە قووڵایی ١٠٠ مەتر لە ژێر شاخەکەدا هەڵکەندراوە، بۆیە لە ڕوانگەی واشنتۆن و تەلئەڤیڤەوە تاکە بژاردەی کاریگەر بۆمبی ئەتۆمییە.
گوشارەکانی نەتانیاهۆ و هەڵوێستی کۆشکی سپی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت، "ناتانیاهۆ بەهۆی فشۆڵیی دۆخی سیاسیی خۆی لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، گوشارەکانی بۆ سەر کۆشکی سپی چڕ کردووەتەوە و ڕۆژانە لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ ترەمپ داوای جێبەجێکردنی ئەم هێرشە دەکات."
کارلسۆن ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ترەمپ تاوەکو ئێستا مەیلی بە لای بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمیدا نییە و لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە گفتوگۆ و ڕاوێژدایە، کە هەردووکیان تاوەکو ئێستا پشتیوانی لە ئیمزا کردنی ڕێککەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەکەن.